داوا دەکرێت پرسی ژینگە بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندن
پارتی سەوزی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی ژینگە و ساڵیادی دامەزراندنیدا داوای کرد، وەزارەتی ژینگەی کوردستان دروست بکرێت و پرسی ژینگە بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندن و کرێکارانی ژینگەپارێز زیاد بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ پارتی سەوزی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە و ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیان لە ساڵی ٢٠١٥دا، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا، "لە کاتێکدا یادی دروستبوونی پارتەکە بەڕێ دەکەین، هەرێمی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی مەترسیدار دایە، بۆیە ئەرکی سەرکردایەتی و حزب و لایەنە سیاسیەکانە کێشە و ململانێکانی خۆیان وەلا بنێن، لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری کێشە باڵاکانی نەتەوەکەمان بکەن.
ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان داوای کرد، وەزارەتی ژینگەی کوردستان دروست بکرێت و پرسی ژینگە بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندن و کرێکارانی ژینگەپارێز زیاد بکرێن و پارەی سندوقی ژینگە بگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتی ژینگە.
ملکۆ بازیانی وتیشی: پارتەکەمان لە ئەنجامدانی ۆرکشۆپ و سیمینار بەردەوام دەبێت، دەربارەی پرسە ژینگەیەکان لە خوێندنگاکاندا، لەگەڵ خەڵاتکردنی کەسایەتی ژینگەی و ژینگەپارێزان، ئازادکردنی باڵندە جۆراو جۆرەکان.