عێراق گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسیدا پەسەند کرد
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا دەنگی بە هەموواری یاسای باری کەسی دا، کە بەپێی یاساناسان و چالاکوانان ئەمە ڕێگە بۆ هاوسەرگیری منداڵان دەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢١یکانوونی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوەو یەکێک لە بڕگەکانی دەنگدان بوو بە هەموواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، هەموواری یاساکە دەنگی پێدراو بەپێی وتەی چالاکوانان و یاسانادان ڕێگە بۆ هاوسەرگیری منداڵان دەکاتەوەو مافی ژنان پێشێل دەکات.
بەپێی هەمووارکردنەکە، دادگا ئیسلامییەکان لە بابەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میراتدا دەسەڵاتێکی زیاتریان دەبێت، چالاکوانان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی یاسای باری کەسی ساڵی ١٩٥٩ کە یاسای خێزان یەکدەخات و ئاسایش بۆ ژنان دابین دەکات.
کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری لە یاسای عێراقدا ١٨ ساڵە، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەی ڕۆژی سێشەممە پەسەند کراون، ڕێگە بە لێکدانەوەی ئایینی بۆ شەریعەتی ئیسلامی دەدات، هەندێک لە بازنەکان ئەمە بەو واتایە لێکدەدەنەوە کە منداڵانی کچ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت.
پەرلەمانتارانی شیعە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆنەپەرستانە داوای گۆڕانکارییان دەکرد، ئەو بازنانەی پێشتر باسمان کرد بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم یاسایە دڵنیای دەدات لەوەی کە پێوەرە ئیسلامییەکان زاڵ بن و کاریگەریی ڕۆژئاوا لەسەر کولتووری عێراق کەم دەکەنەوە.
ئینتیسار ئەلمەیالی، ئەندامی یەکێتی ژنانی عێراق و چالاکوانی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە یاسای باری کسی ڕایگەیاند، منداڵانی کچ لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان لەگەڵ دەکرێت، لە مافی ژیانیان بێبەش دەکرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەکاریگەری جددی لەسەر ژنان و منداڵان هەبێت، هەروەها میکانیزمەکانی پاراستنی میرات و سەرپەرشتیکردن و مافی جیابوونەوە تێکدەدات.
مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا ئیدیعای کرد کە پەسەندکردنی یاساکە "هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان".