لە غەززە قەیرانی ئاو سەری هەڵداوە
لە غەززە قەیرانی ئاو سەری هەڵداوە و ئەوەش بارگرانی بۆ ئەو كەسانە زیاتر دەكات، كە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی باكوور و باشووری شارەكە.

ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣وە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیەو لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، وێرانكارییەكی گەورەی بەسەر ژێرخانی ناوچە جیاجیاكاندا هێنا، لە كاتێكدا وێرانكارییەكە زیاتر لە ناوچەكانی باكووری غەززە و باشووری ناوچەكانی شاری ڕەفح چڕتر بوونەتەوە.
لە ماوەی شەڕی ١٥ مانگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، سوپای ئیسرائیل سەرچاوە ئاوییەكانی لە ناوچەكانی غەززە وێران كرد، هەروەها بیرە سەرەكییەكانی بۆردومان كرد، كە ئاو بۆ هەزاران خێزان دابین دەكەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەكار بكەون.
دانیشتووانی غەززە لە ئێستادا پشت بەو وێستگانە دەبەستن، كە بە هاوكاری وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی دامەزراون بۆ بەدەستهێنانی ئاوی گونجاو بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی ڕۆژانە، بۆ ئەوەش ناچارن بە ڕیزێكی درێژ بووەستن لە پێناو بەدەستهێنانی كەمترین بڕی ئاو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئاو لە ڕێگەی بارهەڵگرە تایبەتمەندەكانەوە دەگاتە ناوچە وێرانەكان، كە لە بەرامبەردا بە ڕیزێكی درێژ چاوەڕێ دەكەن، بۆ پڕكردنەوەی دەبە و سەتڵی بچوك، ئەمەش وا لە فەڵەستینییەكان دەكات، لە دۆخێكی سەختدا بژین.