"قوربانی سەرەتاو کۆتایی کارەساتی هەڵەبجە منداڵانن"

ڕێکخراوی گوڵستان ئاماژە بەوەدەکات کە قوربانی سەرەتاو کۆتایی کارەساتی هەڵەبجە منداڵانن، چونکە ترس و دڵەڕاکێ لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی گوڵستان تایبەت بە ڕۆشنبیری و پێگه‌یاندنی منداڵان و نه‌وجه‌وانان ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی هەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ کیمیاباران کراو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، کە بەشێکی زۆری قوربانیەکان منداڵ بوون، ئەوانەی لەوکاتەدا کە منداڵ بوون ئێستا بەشێکی زۆریان دایک و باوکن هەروەها هەڵگری ئەو زەبرە دەرونیەن کە بە "PTSD" تەنگژەی پاش زەبری دەرونی ناسراوە کە حاڵەتێکی تێکچوونی دەروونیە کەسەکە لە ترس و دڵە ڕاوکێدا دەژی و بەردەوام ترسی دووبارە بونەوەی حاڵەتە ترسناکەکەی هەیە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بە پێی زۆرێک لە توێژینەوەکان حاڵەتە دەرونیەکانی وەک ترس و دڵەڕاوکێ و ptsd لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مناڵان لە ڕێگەی بۆماوەو ژینگەی کۆمەڵایەتیەوە، بۆیە دیسان دوای سێ دەیە لەو کارەساتە نەوەیەک کە کارەساتەکەی نەدیوە لە ڕێگەی باوانەوە بۆی دەگوازرێتەوە بۆیە ئەرکی دەزگا پەروەردەییەکانە کە ئاگاداری ئەو بابەتە بن و کاری لەسەر بکەن، دەشڵێت: "ئێمەش وەک ڕێکخراوی گوڵستان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەشێک لەو بەرپرسیارێتیەمان لە ئەستۆ گرتووە".