"٢١ی ئادار جەژنی ئازادی و سەرکەوتنە"
ژنانی قامیشلۆ بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز و ئاماژە بەوەدەکەن کە جەژنی سەری ساڵ ڕزگارییە بۆ ئەوان لە ستەم و هەڵکردنی ئاگری ئازادییە، هەروەها دەڵێن کە جلوبەرگی کوردی بۆ پێشوازیکردنی ٢١ی ئادار دڵخۆشییان زیاتر دەکات.
قامیشلۆ
٢١ی ئادار بە خۆشییەکی زۆرەوە پێشوازی لێ دەکرێت و ئامادەکارییەکی زۆری بۆ دەکرێت وەک دورینی جلوبەرگی فۆلکلۆری و گروپی گۆرانی و هەڵپەڕکێ، هەروەها لە شەوی نەورۆزدا ئاگر لە سەر شەقامەکان و گەڕەک و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکرێتەوەو ژنانی شاری قامیشلۆ هەست و سۆزیان لەگەڵ ئێمە دابەش کرد.
"ئاگری ئازادی لەناونابرێت"
دەلال بەدور لە شاری قامیشلو هەستی خۆی سەبارەت بە نەورۆز و مانای ئەم ڕۆژەی بۆ هەموو گەلی کورد بڵاوکردەوە و وتی: "پێش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، جەژنی نەورۆز قەدەغە بوو، بەترس و نهێنی پێشوازی لێدەکرا هەموو ساڵێک لەو شەوەدا ژن و پیاو شەهید و دەستبەسەر دەکران ئەمەش بەئامانجی تۆقاندنی گەل بوو بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە ئاهەنگ نەگێڕدرێت، وەک ژن و گەلی کورد زۆر بەرگریمان کردووە هەتا گەیشتینە ئەم کاتە کە ئێستا هەمووان بە ئاسوودەیی جەژنی نەورۆز دەگێڕن، مانای ٢١ی ئادار بۆ ئێمەی گەلی کورد زۆر قووڵ و پیرۆزە، چونکە لەم ڕۆژەدا ئەو دڵڕەقییە بە دەستی قارەمانی کورد کاوەی ئاسنگەر کۆتایی هات، ئێمەش بە ڕۆحی کاوە و ستەمکاران کە ئاگری ئازادییان بۆ ئێمە کردەوە، ئێوارەی نەورۆز ئاگرمان کردەوەو دەڵێین ئاگری ئازادی هەرگیز لەناونابرێت، چونکە ئێمە میللەتێکین زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەین ڕۆژی ٢١ی ئادار پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە سەرۆک ئاپۆو شەڕڤانانی ئازادی و تەواوی گەلی کورد دەکەم".
ئامادەکارییەکانی نەورۆز
هەنوف مەحمود، تەمەن ٥٠ ساڵ لە شاری قامیشلۆ، چووەتە بازاڕ بۆ ئامادەکردنی جل و بەرگی کوردی و پیرۆزکردنی نەورۆزی ٢٠٢٢، وتی: "ئامادەکاری دەکەین بۆ جەژنی نەورۆز، چوومە بازاڕ بۆ کڕینی جلی کوردی، جل و بەرگی کوردی پەیوەندی بەبۆنە تایبەتەکانەوە نییە وەک نەورۆز بەڵکو پەیوەندی بە کلتوری داپیرانمانەوە هەیە، سەرەڕای تێپەڕینی ئەم چەند ساڵە و گۆڕانی کلتور و سیستمی ژیان، کلتوری ئێمە ون نەبووە و جلوبەرگی نەتەوەیی لە جەژنی نەورۆزدا زیاتر لە جاران لەبەر دەکرێت".