پەیامنێرانی بێسنوور: کوشتنی ڕۆژنامەنووسان خوێنڕشتنێکی بێوێنەیە
پەیامنێرانی بێسنوور ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا ٥٤ ڕۆژنامەنووس کوژراون کە یەک لەسەر سێی ئەو ڕۆژنامەنووسانە خەڵکی غەززە و لوبنان بوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، کە ئەمڕۆ ی١٢ کانوونی یەکەم بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، ٥٤ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیان یان بەهۆی پیشەکەیانەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا کوژراون.
ڕاپۆرتەکە کە داتاکانی تا ١ی کانوونی یەکەم دەگرێتەوە، پشتڕاستی کردووەتەوە کە یەک لەسەر سێی ئەو قوربانیانە لەسەر دەستی “هێزەکانی ئیسرائیل” کوژراون، کە بەرپرسیارن لە کوشتنی ١٨ ڕۆژنامەنووس، ١٦ ڕۆژنامەنووسیان لە غەززە و دوویان لە لوبنان.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: فەلەستین مەترسیدارترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەو پێیەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەی کوژراوانی زیاتری تۆمارکردووە لە هەموو وڵاتێکی دیکە، ژمارەی کوشتنەکانی بە "خوێنڕشتنێکی بێوێنە" پێناسە کردووە.
پەیامنێرانی بێ سنوور چوار سکاڵایان لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە ناونیشانی “تاوانەکانی جەنگەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدەن” تۆمار کردو جەختیکردەوە لەوەی زیاتر لە ١٤٥ ڕۆژنامەنووس "بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل" لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کوژراون.