خوێندکاران داواى خەرجکردنى دەرماڵە دەکەن

لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر هەموو توێژەکان دروست کردووە، خوێندکارانیش بەهۆی بڕینی دەرماڵە زیانیان بەرکەوتووەو داوای خەرجکردنی دەکەن، خوێندکاران دەڵێن: دەرماڵە زۆر پێویستە بە تایبەت بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان.

شیا کۆیی

 

کۆیە- دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ لەلایەن حکومەتی هەرێم مانگانه بۆ خوێندکاران دابین دەکرا، بەڵام لە ساڵی ۲۰۱٦ بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕە پارەیە بڕا، کە مانگانەی ٤٠ هەزار بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان و ٦٠ هەزار دینار بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شارەکان یاخود ئەوانەی لە بەشە ناوخۆییەکان دەمانەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا دابەش دەکرا، لە ئیستادا خۆى هەرێمى کوردستان لە ناو قەیرانێکى دارایی دان و خێزانەکان بەهۆى وەستانى کار و دواکەوتنى موچە لە بارودۆخێکى ناخۆشدا دەژین، بۆیە خوێندکاران زۆر پێویستیان بەو بڕە پارەیەیە مانگانە پێیان بدرێت تا کەمێک لە خەرجیەکانى پێدابین بکەن.

 

ئاشنا محەمەد، لە بەشى کارگێرى پەیمانگەى تەکنیکى کۆیە سەبارەت بە دەرماڵەى خوێندکاران وتی: دەرماڵە زۆر پێویستە بۆهەمو خوێندکاران بە تایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەی لە شارەکانی دیکەوە یاخود دەرەوەی شارەکانەوە دێن و لەبەشەناوخۆیەکان نیشتەجێن، بڕانى ئەو دەرماڵەیە کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر خوێندن، پێویستە وەک جاران دەرماڵە خەرج بکرێت.

 

"خوێندکار هەیە لەبەر بێ پارەیی وازی لە خوێندن هێناوە"

ئاشنا وتیشى: زۆر خوێندکار هەیە لە بەر بێ پارەیی وازى لە خوێندن هێناوە، هەیە قۆناغی دوو بووە وازى هێناوە نەىتوانیوە خەرجى بەشەناوخۆیی و پێداویستى دابین بکات، پێى باشە ئەمساڵ ئیش بکات تا ساڵەکى دیکە بتوانێت خوێندنەکەى تەواو بکات، ئەوەش ئەگەر بتوانێت ئەو بڕە پارە دابین بکات کە پێویستییەتی، بۆیە قەیرانى دارایی و بێ موچەیی زیاتر فشارى خستۆتە خێزانەکان ناتوانن خەرجى بۆ مندأڵەکانیان دابین بکەن کاتێک دەچنە زانکۆ و پەیمانگاکان.

 

لە کۆتایی قسەکابیدا ئاماژەى بەوەشکرد کە ئەوە بۆ خوێندکارانی کچ قورسترە چونکە کورەکە لەوانەیە لە رۆژانى پشوى بچێت کرێکارى یان کارێک بکات بەڵام خوێندکارای کچ دەرفەتی کاری زۆرنییە، وتی: جاران خوێندکار لە ماڵێش خەرجى پێنەدرابایە ئەوە بەو دەرماڵە خۆى پێ بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئێستا هیچ نەما، قەیرانەکە زۆر کاریگەرى هەیە هیوادارم کە دەرماڵە وەک جاران بدرێتەوە بە خوێندکاران.

 

هەیبە محەمەد، خوێنکارێکى دیکەى پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە هەر سەبارەت بە بڕانى دەرماڵە وتی: خوێندکاران زۆر پێویستیان بەدەرماڵەیە چونکە خوێندکارەکانمان زۆربەىان باریی داراییان خراپە بەتایبەت لەم ماوەیە کە سێ مانگە هیچ نەدراوە، دایک و باوکانیش ئەوانەى موچە خۆرن بێ موچەن بۆیە هیوادارین دەرماڵە بدرێتەوە بە خوێندکاران، زۆر جار بووە لەناوخۆمان پارەمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەو خوێندکارانەى کە نەیان توانیوە کرێی خوێندن بدەن وخەجى خۆیان دابین بکەن.

 

سومەیە سمکۆ، خوێندکارە لە قۆناغى دووى کارگێڕى کار لە پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە  وتى: من لە بەشە ناوخۆیەکانم و دەرماڵەى زۆر پێویستە بۆ خوێندکاران بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە بەشە ناوخۆیەکان دەمێننەوە چونکە خەرجیان زۆرە جگە لەوەش خوێنکاران پێویستیان بە پەڕاوو مەلزەمەیە ئەوە جگە لە خەرجی دیکە و هاتوچۆ، لەئێستادا لەجیاتى ئەوەى دەرماڵە زیاد بکەن بڕیویانە.