"پێویستە کەسوکاری ئەنفال کراوان قەرەبوو بکرێنەوە"
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ دەبیت و هاوشێوەی گەرمیان و شەپۆلەکانی دیکەی ئەنفال، لە هەڵەبجە زیاد لە هەزار و ١٦٦هاوڵاتی ئەنفال کران.
هەڵەبجە
لەم ڕۆژەدا بەمەبەستی بیرهێنانەوەی ئەو تاوانەو هاوخەمی دەربڕین بۆ ئەنفالی گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، گوڵستان محەمەد کەسوکاری ئەنفال کراو تایبەت بە نوژنها دواو وتی: "لە یادی ئەنفال سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنین، هیچ پێوەرێک ناتوانێ لەو خەمە کەم بکاتەوە کە بەرامبەر کورد کراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکومەتی کوردی نەیتوانی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال کراوان بکاتەوە، چونکە تاوەکو دوێنێ شەو نەیانتوانیوە سەرمەزاری شەهیدان پاک بکەنەوە، پاش ئەوەی زانرا ١٤ی نیسان رۆژی ئەنفالە دێن مەزاری ئەنفاڵ کراوان لە خۆڵ و خاشاک پاک دەکەنەوە".
هەڵەبجە بێبەش نییە لە ئەنفال و نەهامەتیەکان و وەک گوڵستان محەمەد باسی دەکات کەسوکاری ئەنفال کراوان تاوەکو ئیستاش چاوەڕێن پارچە زەوییەکانیان یەکلا بکرێتەوە هەندێ وارسی شەهیدان هەیە کە تاوەکو ئیستاش قەرەبوو نەکراونەتەوەو هەندێکیشیان هەر لە ژیاندا نەماون، کەواتە ئەگەر ئێستا بۆ نەوەکان بکرێتەوە ئەوا سودێکی نابێت بۆیان و پێویستە مافی کەسوکاری ئەنفا کراوان بدرێت و کەیسی ئەنفال بە هەقی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کامەران مستەفا بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفال کراوانی هەڵەبجە ئەمڕۆی بەڕۆژێکی خەمناک وەسف کردو قۆناغەکانی ئەنفالی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕوون کردەوە کە لە کۆتا قۆناغدا هەڵەبجەییەکان ئەنفال کران چونکە لەدوای کیمیاباران کردنی هەڵەبجە ئاوارەبوون بەڵام لە ئاوارەیشدا بەر ئەنفال کەوتن.