پێشانگای "توانای خانمان، هێزی کۆمەڵگیە" لە کۆیە بەڕێوەچوو
بە دروشمی "توانای خانمان، هێزی کۆمەڵگایە" پیشانگایەک بۆ ژنانی دەستڕنگین و خاوەنکار لەلایەن ڕێکخراوی ئۆسکار بەڕێوەچوو.

کۆیە
دوێنێ ٢٨ی ئایار، پێشانگایەکی تایبەت بە دروشمی "توانای خانمان، هێزی کۆمەڵگەیە" لەلایەن ڕێکخراوی ئۆسکار بەڕێوەچوو، لە ناو پێشانگاکە، جۆرەها شیرنەمەنی و خواردنە کوردییەکان و خواردنە سەردەمییەکان نیشان دران، کە لە لایەن ژنان بەدەستی خۆیان درووست کرا بوون، هەروەها چەندین جۆر کەلوپەلی دەستی و جوانکاریی کوردی دانرابوو.
ئەم پێشانگایە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بوو بۆ توانای ژنان و گواستنەوەی مێژووی خواردن و کەلوپەلی کوردی بۆ نەوەی نوێ.
ئاریا هەردی، خوێندکاری قۆناغی ١٠، بە ئیکسسوارات بەشداربوو وتی: سێ ساڵە دەستم بەکاری خۆم کردووە و چەندین جۆر ئیکسسواراتم درووست کردووە، جلوبەرگەکانم و کڵاوی سەرم دەستکردی خۆمە، پەیامێم هەیە بۆ هەمو ژنان پێیان دەڵێم لەهەر شوێنێکی ئەو دنیایە بن و تەمەنتان هەر چەندێک بێت گرنگ نییە لە کوردستانی یان لەهەرکوێیەک، گەر هەوڵی بۆ بدەی، دەتوانیت سەرکەوتووبی لەهەموو ئەو بوارانەی خۆت دەتەوێت.
ئاڵا ئاکۆ، دەرچویەکی دانەمەزراوە، خۆی هەلی کارێکی بۆخۆی دۆزیوەتەوەو وتی: دوای ئەوەی زانکۆم تەواو کرد دامەزراندن نەبوو، بۆیە بیرم کردەوە کارێک بکەم، دەستم کرد بە جانتا درووستکردن کە بە مووروی تایبەت دروست دەکرێت، بەهۆی ئەوەی دایکیشم کاری دەستی دەکات ئەوەش هاندانێک بوو بۆمن کە ئەو کارە بکەم و بەپێی ویستی کڕیارەکان ئیشدەکەم.
سارا ئەحمەد، بە دیزانی کڵاو جلوبەرگی کوردی بەشداری کردووەو وتی: ٨ ساڵە دەرچووی کۆلیژی زانستم و هیچ کارم دەست نەکەوت، منیش دەستم دایە دروستکرنی کاری دەستی و دیزانی جلوبەرگی کوردی، ملوانکەو مێخەک، کارەکە بەو شێوەیە نییە کە بژێوی ژیانم دابین دەکات، بەڵام خۆم پێی سەرقاڵ کردووە وکارکردن خۆشە لام، لەوە باشترە دانیشیت، حەزو خولیاشم زۆرە بۆ کارەکەم هیوادارم بەردەوام ئەو فێستیقاڵ و پێشانگایانە بکرێنەوە تا شتەکانمان بەبازاڕی بکەین.
سەمیرە یاسین، بەرپرسی پڕۆژەکان لە ڕێکخراوی ئۆسکار، سەبارەت بە پێشانگاکە وتی: ئێمە ساڵانە بە پێی کات و وەرز و باری ئابووری خەڵک پێشانگا بۆ ژنان دەکەینەوە، ڕەچاوی ئەوەمان کردووە گەر موچە بێت بازاڕی ئەوان باشترە و شتەکانیان ساغ دەبنەوە، زۆرترین خواردنەکان زیاتر لەو پێشانگایانە فرۆشی هەیە.
سەمیرە یاسین وتیشی: لەم پێشانگایە ٣٠ ژن هەر یەکەو بەشتێک بەشداری کرووە، زۆربەی ژنەکان دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانن ودانەمەزراون، خۆیان لەماڵەوە کاردەکەن و بەشداری لەو پێشانگایانە دەکەن، ئەم پێشانگایە بەرچاو کردنەوەیەکی دیار بوو بۆ هەوڵ و بەرهەمی ژنان و هەوڵییان بۆ دروستکردنی بەرھەمێکی تایبەتی و نیشاندانی ئەوەی کە ژن لە هەر بوارێکدا دەتوانێت کاری جوان بکات، بە تایبەتی لە کوردستان، بۆ گواستنەوەی مێژووی خواردن و کەلوپەلی کوردی بۆ نەوەی نوێ.