لە بەردەوامی ژن کوشتن؛ ژنێک لە هەولێر کوژرا

لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، بەمەش لە مانگی ئایاردا چوار ژن لە هەرێم کوژراون و ژنێکیش بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ 

 

ئێوارەی ٣١ی ئایار، لەبەردەم پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “دریم سیتی” ژنێک لەلایەن چەکدارێکەوە بە ١٠ فیشەک کوژرا،

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە پاش ڕووداوەکە بکوژەکە هەڵاتووە و پۆلیس، تەرمی ژنەکەیان بردووەتەوە پزشیکی دادوەری.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە ٣ی ئاداری ئەمساڵدا، لە گەڕەكی تەیراوای پارێزگای هەولێر گەنجێكی تەمەن ١٨ ساڵ بە ١١ فیشەك خوشكە تەمەن ١٧ ساڵانەكەی خۆی كوشت و دواتر لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە دەستگیر كرا.

 

لە ٢٠ی ئایاری ئەمساڵدا، لە پارێزگای دهۆک لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردندا ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٩ ساڵ و پیاوێکی گەنجی تەمەن ٣٦ ساڵ بریندار بوون، کە هەردووکیان خوشک و برای یەکتربوون، هەروەها دواتر تاوانبارەكە دەستگیر کرا.

 

لە ٢٣ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گوندی پیرڕەشی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا.

 

لە ٢٨ی ئایاری ئەمساڵدا، لە پارێزگای هەولێر تەرمی ژنێکی کورد بە ناوی خەرمان شەمسەدین دۆزرایەوە و تا ئێستا پۆلیس لەبارەی ڕووداوەكەوە زانیارییان نەخستووەتەڕوو.

 

لە ٢٨ی ئایار، پزیشکێکی ژن لە دهۆک بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنە پیاوێك دەسڕێژی گوللـەی لە ماڵە خەزووری کرد و لە ئەنجامدا ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، کە دەکاتە دایكی هاوژینی تەقەکەرەکە گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، كە یەکێک لە بریندارەکانیش ژنێکی گەنجە.