پەروین ئەدوایی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا
پەروین ئەدوایی، چالاکوانی مەدەنی دانیشتووی شاری مەریوان، بە دانانی بارمتە لە ناوەندی چاکسازیی سنە ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەروین ئەدوایی، چالاکوانی مافی مەدەنی و مافی ژنان و چالاکوانی ژینگەپارێزی دانیشتووی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە تا کۆتایی دادگاییکردنەکە بە شێوەی کاتی لە ناوەندی چاکسازیی سنە ئازاد کرا.
پەروین ئەدوایی ڕۆژی ١٣ی شوبات ساڵی ٢٠٢٥ پاش بانگهێشتی تەلەفۆن بۆ بارەگای ڕاگەیاندنی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و بۆ زیندانی تاکەکەسی لە بەندی ژنانی چاکسازیی سنە دەستبەسەر کرا.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە نزیکەی مانگێک لە زیندانی تاکەکەسی لەم زیندانەدا بەسەر برد و هەموو ڕۆژێک بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەگوێزرایەوە، لەم ماوەیەدا مافی سەردانی خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و لە ١٩ی شوبات لە کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیدا بۆ بەشی گشتی زیندانەکە گواستراوەتەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەم هاوڵاتیە کراوە بەدەست نەهاتووە.
پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی دانیشتووی شاری مەریوان، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر کرابوو سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
پەروین ئەدوایی پێشتر لە ١٥ی ئاب ٢٠١٩ لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی ناوبراو لەم شارەدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە، دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگەی ئەمنییە، گواسترایەوە بۆ بەشی ژنان لە ناوەندی چاکسازیی سنە. دواجار پەروین ئەدوایی لە ٢ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تۆمان تا کۆتایی دادگاییکردنەکە لە ناوەندی چاکسازیی سنە ئازاد کرا.
پاشان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی" ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ماوەیەک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گواتەر، لەکاتێکدا هێشتا پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە، پەروین ئەدوایی لە ١ی شوباتی ٢٠٢٠، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی چاکسازیی سنە. دواجار لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٠، دوای تێپەڕاندنی سزاکەی ئازادکرا.