پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئیدانەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کەتەلۆنیا کاردانەوەی لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا و ئاماژە بەوەدەکات کە جیهان چاوی داخستووە بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ئەردۆغان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/05/20220504-ktlnya-750x375-1-jpg198f20-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەلێکیا ڕۆمێرۆ، وتەبێژی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، بە پاڵپشتی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە نێوەندگیری شەڕی ئۆکرانیا و هەوڵدەدات وەک کەسێکی ئاشتیخواز خۆی نیشان بدات، لەهەمان کاتدا هێرشێکی داگیرکاریی بەرفراوانی لەدژی باشووری کوردستان دەستپێکردووە، ئامانجی دەوڵەتی تورک چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەیە لە خەڵک و پاشان داگیرکردنیەتی، پرەنسیپی سەرەکی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان سیاسەتی نکۆڵیکردن و شەڕکردنە لە دژی گەلی کورد و هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەردۆغانیش شاردنەوەی سیاسەتی شەڕ و جینۆسایدە لەسەر کوردستان و ناوچەکە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا چەند خاڵێکی بانگەوازیی ئاڕاستەی جیهان کراوە بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک:
– داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی و هەموو حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، لەدژی هێرشی نا یاسایی دەوڵەتی تورک لەسەر ناوچەکانی ئەشکەوتی برینداران و کورەژارۆ و چیا ڕەش و زاپ لە باشووری کوردستان، بە زوترین کات هەڵوێست وەرگرن.
– هاوپەیمانی سیاسی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لەگەڵ تورکیا شەرمەزار دەکەین و داوا لە دەوڵەتی ئیسپانیا دەکەین کە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی بە دەوڵەتی تورک نەفرۆشێت.
– ئێمە بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و دەڵێین، کە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە.
– بانگەوازیمان بۆ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان، سەندیکاکان و چالاکوانان ئەوەیە کە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکدا بوەستنەوە.
– ئێمە پارێزگاری لە ڕەوایەتی ئەو پارتە کوردییانە دەکەین، کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە تێدەکۆشن.