پەرلەمانتار ڕەمزییە تۆسوون بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی دادگایی دەکرێت
ڕەمزییە تۆسوون پەرلەمانتاری هەدەپە بەهۆی ئەوەی سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەشداریی لە ئاهەنگێکدا کردووە و گۆرانی کوردیی لە ئاهەنگەکەدا لێدراوە، دادگایی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ
دادگای ئامەدی دەوڵەتی تورک دۆسیەی دادگاییکردنی بۆ ڕەمزییە تۆسوون، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە "کردووەتەوە.
دۆسیەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ساڵی ٢٠١٩ بەشداریی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییدا کردووە و لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی کوردی لێدراوە و ئەوەش وەک “پڕوپاگەندەی ڕێکخستنیی” لەقەڵەمدراوە.
دادگای دەوڵەتی تورک دۆسیەکەی ڕەمزییەی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کردووە و داوای کردووە پارێزبەندیی لەو پەرلەمانتارە وەربگیرێتەوە بەمەبەستی دادگاییکردنی.
ڕەمزییە تۆسوون لەسەر ئەو دۆسیەیەی لەسەری ئامادەکراوە، بە میدیاکانی وتوە: "ئەوان دەیانەوێت لە کەسایەتیی ئێمەدا گەلەکەمان بترسێنن، بۆیە تەنانەت ئاهەنگگێڕانی ئێمەشیان کردووەتە تاوان، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر ئەو کارە نایاساییانە سەرمان دانانەوێنین".