پاژک: ئەم نەورۆزە دەبێتە لەدایکبوونەوەیەکی نوێ
پاژک ڕایگەیاند، ئەم نەورۆزە دەبێتە لە دایکبوونەوەیەکی نوێ، دەبێت گەلەکەمان بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد لە مەیدانەکەدا بە یەک دڵ و زمان دەنگیان هەڵبڕن و دەشڵێن: ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادیی ڕێبەر.

ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان- پاژک، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، نەورۆزی ٢٠٢٥ لە ڕێبەر ئاپۆ و ئەو ژنانەی تێکۆشانی ئازادیی دەکەن و هەردەم ئاگری نەورۆز گەش دەکەن، لە گەلی کورد کە گەلی نەورۆزە، لە گەلانی هەرێمەکە پیرۆز دەکەین.
ڕاشیگەیاند، مەزڵومەکان و ڕوناهییەکان و بێریڤانەکان و زەکییەکان و ڕەهشانەکان و هەزاران فیداکاری ئازادیی کە ئاگری نەورۆزیان کردەوە و خۆیان بوون بە نەورۆز، بە ڕێز و سوپاس و خۆشەویستییەوە بیردەهێنینەوە، سڵاو لە هەموو ژنان و گەلەکەمان کە لە نەورۆزی ٢٠٢٥ ـدا درووشمی “ڕێبەرێتی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”یان گەیاندە لوتکە دەكەین.
پاژک لە بەردەوامیدا باسی لەوەشکرد، بەرخۆدانی ژنانی کورد وەک ئافرێنەرانی کەلتووری نەورۆز، کورد بووەتە گەرەنتی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلانی ئەم جوگرافیایە، نەورۆز ئەو ڕۆژەیە، کە دەستەیەک لە گەنجانی کوردستان دژی قڕکردن و داگیرکاری ئاڵایان هەڵگرت، نەورۆز ئەو ڕۆژەیە، کە مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد کاتێک ستەم و زۆرداری گەیشتە لوتکە، بە درووشمی “بەرخۆدان ڕێخۆشکەرە بۆ سەرکەوتن”، سەرکەوتنێکی شکۆمەندانەی ڕاگەیاند.
هەروەها هاتووە: نەورۆز ناوی ڕاپەڕینی گەلی کوردە دژی کۆمەڵکووژیی ساڵانی نەوەدەکان، نەورۆزی ٢٠٠٥ ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و مسۆگەرکردنی ژیانی دیموکراتیک و ئازادە، گەلی کورد هەر نەورۆزێکی کردووەتە دەسپێک و لەدایکبوونەوەیەکی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەورۆزە دەبێتە لەدایکبوونەوەیەکی نوێ، گەل و ژنان تێکۆشانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە بە بانگەوازی ڕێبەرێتیمان دەستی پێ کرد، لە هەموو کاتێک بەهێزتر بەڕێوەدەبەن، پێویستە گەلەکەمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانەکاندا بە یەک دڵ و زمان دەنگییان هەڵبڕن، ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادیی ڕێبەرێتی.
لە بەردەوامیدا باسی لەوەشکرد، ژنان بە عەشقی ئازادیی وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەرێتییان دایەوە و بەم حەسرەتەوە ئەو چالاکییانەی لە ٨ـی ئادار دەستیان پێ کرد گەیاندیان بە نەورۆز و بە درووشمی “ئازادی ڕێبەرێتی، ئازادی ژنانە” داخوازی ئازادییان بەشێوەیەکی بەهێزتر دەربڕی، تێکۆشانی ژنی ئازاد، ئازادیی ڕێبەرێتی دەکاتە چەقی خۆی و بەردەوام دەبێت.
هەروەها پاژک ڕاشیگەیاند، ژنان لەسەر بناغەی پارادایمی ڕێبەرێتی بۆ ژیانێکی دیموکراتیک-ئازاد تێدەکۆشن و سەر بۆ ستەم نەووی ناکەن، ئەگەر هەوڵبدرێت پیلانگێڕی لەسەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بسەپێنرێت، ژنان وەک هەموو کات بە نەورۆز و سەرهەڵدان و ڕۆحی بەرخۆدانەوە دەبنە پێشەنگی تێکۆشان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دیسانەوە بەو هیوایەی نەورۆز ببێتە نەورۆزی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، نەورۆزی هەموو ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و هاوڕێیانمان پیرۆز دەکەین.