پارێزەرانی ئێران داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە و شەریفە دەکەن
٢٢٩ پارێزەری ئێران ڕایانگەیاند، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە و شەریفە دەکەین، دەشڵێن، سزای ئەو ژنانە کاریگەری لەسەر نەتەوە و هەستی جیاکاریی لە نێو هاوڵاتییانی کورددا دەبێت.

ناوەندی هەواڵ
لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد پەسەند کرا، هەروەها لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن قاسم سەلاوەتی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا. لە ١٣ی مانگی شوباتدا دووبارە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی پەسەند کرا.
٢٢٩ پارێزەری ئێران دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری ئێران کردووەو تێیدا هاتووە: داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی دەکەین، دەبێت دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ ژنە نەک تەنها پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو پێچەوانەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە سەبارەت بە مافی ژیان و پرۆسەی یاسایی.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو سێ ژنە لە لێواری مەرگدان و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكەیان کاریگەری لەسەر هاوسۆزی نەتەوەیی و هەستی جیاکاری لە نێو هاوڵاتییانی کورددا دەبێت.