نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوور: بڕیاری سێ وانەی کوردی لە هەفتەیەکدا ڕەتدەکەینەوە

نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشووری کوردستان دەڵێت: بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی سووریا، سەبارەت بە کەمکردنەوەی وانەی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا دەکەین، ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە.

سلێمانی

 

لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە" لە باشووری کوردستان، بەهۆی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی خوێندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژئاوائ کوردستان، لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریاوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن بێریڤان محەمەد، ئەندامی گشتی ئەنجومەنی پەیەدە لە باشووری کوردستان خوێندرایەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

“بە وردییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهات و بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، سەبارەت بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی وانەی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا دەکەین. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم هەنگاوە پاشەکشەیەکە لە مۆدێلی پەروەردەییی ئێستا و هەنگاوێکە بەرە و دواوە، کە درێژەپێدان بەو پێشکەوتنەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری پەروەردەدا بەدەستهاتبوو، لاواز دەکات.

 

لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی زانستی و پراکتیکیی بەربڵاو کۆکراوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە سیستەمێکی پەروەردەییی گشتگیر دامەزرێنراوە، کە زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکیی فێرکاری و توێژینەوە لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا بەکاردەهێنێت. بەکارهێنانی زمانی دایک تەنیا بە بەشەکانی ئەدەبی و مرۆییەوە سنووردار نەکراوە، بەڵکو لە هەموو زانستە دەقیقەکان، پزیشکی و پراکتیکییەکاندا جێبەجێ کراوە و هەموو وانەکان بەپێی بەرنامەی زانستیی پەسەندکراو و ستانداردە ئەکادیمییە پێشکەوتووەکان وتراونەتەوە.

 

‎سنووردارکردنی زمانی پەروەردەییی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا و سەیرکردنی تەنیا وەک بابەتێکی زمانیی یاریدەدەر، لە شوێنی ئەوەی ببێتە ئامرازی سەرەکیی فێرکردنی وانە زانستییەکان، ئاکامی نەرێنیی پەروەردەیی و ئەکادیمیی لێ دەکەوێتەوە.

ئێمە جەخت دەکەینەوە کە چارەسەری هەرە باش لە کەمکردنەوەی زمانێک بۆ زمانێکی تردا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی مۆدێلێکی پەروەردەییی دووزمانیدایە. ئەم مۆدێلە مۆدێلێکی زانستییە کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا جێبەجێ دەکرێت و ڕێگە دەدات زانست و وانە بنەڕەتییەکان بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی لەپاڵ یەکتردا بگوترێنەوە؛ بەم شێوەیەش مافە زمانی و کلتورییەکانی خوێندکاران دەپارێزرێن.

 

ئێمە ئەم بڕیارە قبوڵ ناکەین و بە شێوەیەکی ڕوون و بێ مەرج ڕەتی دەکەینەوە. ئەم بڕیارە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی و مافە زمانی و کلتورییەکاندا ناگونجێت. هەروەها ڕەتی دەکەینەوە کە زمانی کوردی لە سێ وانەی هەفتانەدا سنووردار بكرێت یان وەک بابەتێکی ئارەزوومەندانە هەژمار بكرێت؛ چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانێکی ئاسان، یاریدەدەر یان دووەم سەیر بكرێت.

 

‎زمانی کوردی بابەتێکی تەواوکاری نییە، کە خوێندکار بتوانێت هەڵیبژێرێت یاخود لێی دەربچێت، زمانێکی بێگانەش نییە لە وڵاتی خۆیدا. ئه‌و زمانی دایک، ناسنامە، مێژوو، کەلتوور و بیرەوەریی کۆمەڵایەتیی گەلی کوردە. هەر سیاستێکی پەروەردەیی کە ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات یان پێگەی زمانی کوردی کەم بکاتەوە، بە هەنگاوێک بەرەو ساختەکردنی سووریای نوێ ئەژمار ناکرێت، بە پێچەوانەوە، ئەمە دووبارەکردنەوەی سیاستەکانی پەراوێزخستن و ئینکارکردنە کە گەلی کورد بە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی بووەتەوە، به‌ڵام بە شێوازی نوێ.

 

‎ لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییانە، بانگەواز لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە لەم بڕیارانەی کە بواری پەروەردە بە زمانی کوردی سنووردار دەکەن بچنەوە و بۆ پاراستن و پێشخستنی ئاستی ئەکادیمی و بەرنامە زانستییە گشتگیرەکان کە لە دوازدە ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی پێشکەش کراون، هەنگاوی پێویست هەڵبگرن. ئەم مافە دەبێت بۆ داهاتووی نەوەکانی خوێندکاران، پاراستنی لێهاتوویی سیستەمی پەروەردەیی و پێشخستنی، لە دەستووری بنەڕەتیی سووریای داهاتوودا وەک مافێکی یاسایی مسۆگەر بكرێت.

 

‎لە هەمانکاتدا، بە ڕوونی جەخت دەکەینەوە کە سووریای نوێ ناتوانرێت بە عەقڵیەتی ڕابردوو بنیاد بنرێت و ناتوانرێت لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی پەراوێزخستن و ئینکارکردن بە شێوازی نوێ بنیاد بنرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە بەرپرسیارێتیی چاککردنی ئەم کەمکوڕییە و ڕاستکردنەوەی ئەم بڕیارە دەخەینە سەر شانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو لەگەڵ مافەکانی گەلانی ناوچەکە و پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانیدا بگونجێت.