نوێنەرایەتی هەدەپە: تائێستا ٧ ئەنداممان لە سلێمانی تیرۆر کراوە
نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا لە سلێمانی ٧ ئەندامیان تیرۆر کراون، پێویستە حکومەت و لایەنەکانی هەرێم هەوڵی جدیی بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوانە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/03/20240301-hdp-jpg43cf5f-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە ناوەندی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، لەبارەی تیرۆرکردنی "عەبدولقادر سەبری تۆپراک"، لە شاری سلێـمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەکرا، کردەوە تیرۆرییەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دژ بە ئازادییخوازان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، لەبەرامبەریشدا بەرپرسان و حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە، هاوڵاتییانی باکووری کوردستان بەهۆی فشار و ستەمەکانی حکومەتی ئەکەپە-مەهەپە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەبری تۆپراک-یش یەکێکە لەوان و ماوەی ١٢ ساڵە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە شاری سلێمانی دەژین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک تیرۆ کرا.
ئەوەشخرایەڕوو، تیرۆرکردن و کوشتنی ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامی هەیە، لە شاری سلێمانی ٧ ئەندامیان تیرۆرکراوە، هەروەها شارەکانی هەولێر و دهۆک خەڵکی باکووری کوردستان تیرۆر دەکرێن، بۆیە پێویستە بۆ ڕاگرتنی ئەو تیرۆرانەی دەوڵەتی تورک، حکومەت و بەرپرسانی هەرێم هەوڵی جدیی بدەن .
هەروەها داوا لە هاوڵاتییان و ئازادیخوازانی باشووری کوردستان کرا، ڕێگە نەدەن خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا جەختلەوەکرایەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت ئیرادە و ئازادی گەلی کورد بشکێنیت، بۆیە لە بەرامبەر هێرش و کردەوە تیرۆرییەکانی دەوەستنەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی.