سلێمانی، فێستیڤاڵێک بۆ پەرەپێدانی توانای ژنان کرایەوە
لە حەوشەی سەرای سلێمانی فێستیڤاڵێک بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک دەست ڕەنگین کرایەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/03/20240306-00336-00-00-04-11-still001-jpg953c1f-image.jpg)
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە حەوشەوی کولتووری سەرای سلێمانی ڕێکخراوی ژیان بەخشان بۆ پەرەپێدانی مرۆیی فێستیڤاڵێکی بۆ پیشاندانی توانا و بەهرەی ژنان کردەوە، ئامانجی فێستیڤاڵەکە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ کۆمەڵێک لە ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار.
چاوان عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینە و لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، باسی لەوەکرد، کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە هاوکارییەکی باشە بۆ ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار، کە دەتوانن کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە و تواناکانیان نیشان بدەن.
سۆیلە حەمە ڕەشید، دەستڕەنگین و خاوەنکارە، باسی لە دەستپێکی کاری دەستڕەنگینی کرد و وتی: لە ساڵانی سەرەتاکانی هەشتاکانەوە کاری دەستڕەنگینی دەکەم، لە پاڵ ئەرکی ڕۆژانە لە ماڵەوە وەک هاوکارییەک بۆ بژێوی ژیانم ئەم کارە دەکەم و داهاتی خۆم دابین کردووە، لەو کاتەدا هیچ ڕێکخراو وفێستیڤاڵێک نەبوو تا بەرهەمەکانمان بەم شێوەیە نمایش بکەین، بەڵام ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمە سودی هەیە.
فەریدە محەمەد، هەنگەوانە و بەشداری لە فێستیڤاڵی ژیان بەخشان کردووە، وتی: لە گوندێکی پێنجوێن کە ناوی ئیسماعیل ئاوایە، کاری سەرەکیمان هەنگەوانی و باخدارییە، هەنگوینی خۆماڵی بەرهەم دەهێنین، کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پشتگیرییەکی باشە بۆ ئێمەی ژنانی خاوەن کار، بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانمان بە نرخێکی گونجاو، کە داهاتی خۆمانی پێ دەستەبەر دەکەین و دەتوانین وەک ژنێکی خاوەنکار داهاتی خۆمان و ماڵەوە دابین بکەین.