نەتەوەیەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ کەیسی ٢٥ کەس لە دستگیرکراوان لەلایەن ئێرانەوە دەکات

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافی مررۆڤی ئێران ڕایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسی ٢٥ کەس لە دەستگیرکراوەکانی شاری مەشهەدی ئێران دەکەین، دەشڵێت: بێسەروشوێنکردنی دەستگیرکراوەکان پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە.

ناوەندی هەواڵ

 

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافی مررۆڤی ئێران لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانەکانی ئێران لە شاری مەشهەدی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسی ٢٥ کەس لە دەستگیرکراوەکانی مەراسیمی پرسەی خەسرەو عەلی کوردی لە شاری مەشهەدی ئێران دەکەین کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاری لەسەر شوێنی ڕاگرتنی دەستگیرکراوەکان تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە، ئەوەش لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی  بێسەروشوێنکردنی دەستگیرکراوەکان پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە، کە نیگەرانی جدی سەبارەت بە ئاسایش و بارودۆخی ئەو کەسانە دروستکردووە.

 

هەفتەی ڕابردوو تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نووسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران.

 

خوسرەو عەلی کوردی پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٧٩ لە شارۆچکەی سەبزەوار لە سنووری شاری خوراسانی ڕەزەوی لەدایکبووە، چەندین جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ و فشاری ئەمنی و هەڕەشە بووەوە، تەنانەت لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕێگری لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرەکەی کرا، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە بەرگریکردنی مافەکانی هاوڵاتییان، زیندانییانی سیاسیی و کەسوکاری دادخوازان بەردەوام بوو.