نەسرین ستودە و سەدیقە وەسمەقی: سزای لەسێدارەدان تۆڵەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان. ئازادییە
چالاکوانان نەسرین ستودە و سەدیقە وەسمەقی پشتڕاستیان کردەوە کە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی، تۆڵەسەندنەوەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییە.

ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانەکان لەژێر پەردەی لەسێدارەدانی دادوەریدا دەبنە شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵ.
نەسین ستودە، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ و سەدیقە وەسمەقی، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی چالاکوانان پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە حیجابی ئیجبارییەوە سەریهەڵدا.
ئاماژە بەوە کراوە کە هەروەک چۆن جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا ، هەڵوەشاندنەوەیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی.