مزگین خەلیل: ئەوانەی لە دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێن، داکۆکییان لە کەرامەتی مرۆڤایەتی کردووە

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات ڕایدەگەیەنێت، زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ کەرامەتی مرۆڤایەتییان پاراستووە و لەبری ئەوەی ئاکەپە بە تاوانی پەرەپێدانی تیرۆر دادگایی بکرێت، بەرخۆدێرانی کورد دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ-توڕەیی و ناڕەزایی گەلی کورد بەرامبەر بە بڕیاری حکومەتی تورکیا بۆ دادگاییکردنی ١٠٨ زیندانی لە دۆسیەی بەناو کۆبانێ بەردەوامە.

 

 لەو چوارچێوەیەدا، مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات، سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی: ڕق و کینەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە ئێمە کۆتایی نایەت، کۆبانێ لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا پێگەیەکی جیاواز و ماناداری هەیە، ٤٠ ساڵ لەمەوبەر گەلی کۆبانێ میوانداری بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیان کرد، لە ماڵەکانی خۆیاندا پێشوازییان لێکرد و لە نزیکەوە دیدگاکانی دەناسن و لەگەڵیدا دەژیان، چونکە ئەمە تۆوی بنەڕەتی نیشتمانپەروەری و پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای ئاپۆیی و خاوەندارێتی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بوو، لە لایەکی دیکەشەوە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئومێدی ڕزگاری بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی بوو، لە کۆبانێوە دەستیپێکرد و بۆ ناوچەکانی دیکەش تەشەنەی کرد، هەروەها لەگەڵ بەرخۆدان له دژی داعش، یەکگرتوویی گەل و نەتەوە دامەزرا، کە بووە بناغەی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، بە بەرخۆدانی ڕەهای کۆبانێ دەستکەوتەکانی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی تیرۆری داعش لەسەر گەل و مرۆڤایەتی بەدیهات، چونکە کۆبانێ کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراست، ئەگەر ئەم خاڵانە کۆبکەنەوە، تێدەگەین بۆچی کۆبانێ هەمیشە لە کارنامەی دەوڵەتی تورکیادایە و دۆسیەیەکی بۆ کردۆتەوە.

 

"قڕکردنی گەلی کورد بەردەوامە"

مزگین خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پاڵپشتیی گەلی باکووری کوردستان لە بەرخۆدانی کۆبانێ و لە وتی: دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توندتر بوو،  تەنانەت گەیشتنە ئاستی داگیرکردنی ناوچەیەکی زۆر و ڕۆژانە بۆردومانی بەردەوام ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ٨ ساڵە دەوڵەتی تورک دۆسیەیەکی لە دژی ئەو کەسانە کردووەتەوە کە لە کاتی شەڕدا پاڵپشتی کۆبانێیان کرد، دوا بڕیاریش لە ١٦ی ئایاردا ڕاگەیەندرا. ئەو پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانەی دادگایی کران، شەو و ڕۆژ لەسەر سنوورەکان بوون، بەردەوام کاریان بۆ کۆبانێ دەکرد و باوەڕیان بە سەرکەوتن هەبوو، لە سەردەمێکدا کە ئەم چالاکییانە لە باکووری کوردستان بەڕێوە دەچوون، سەرۆک کۆماری تورکیا دەیویست چەتەکان سەرکەون، کاتێک بەرخۆدان گۆڕا بۆ سەرکەوتن و حساباتی دەوڵەتی تورک پێچەوانە بووەوە، دەوڵەتی تورک یەکسەر بڕیاریدا کە دۆسیەی کۆبانێ دەستپێبکات و هەموو لایەنگرانی ئەو سەردەمە دەستگیرکران، ئێمە ئەم بڕیارانە بە درێژەی قڕکردنی گەلی کورد دەزانین، دەوڵەتی تورکیا پێداگیرە، لە تێکدانی سیستمی دیموکراتیکمان و شۆڕشەکەمان و دەستکەوتەکانمان کە لە دادگاییکردنێکی نایەکسان و نادادپەروەرانە خۆی دەرخستووە.

 

"پێویستە بۆ باکووری کوردستان سەفەربەر بین"

 مزگین خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دۆسیەی زیندانیانی کۆبانێ لە چوارچێوەی یاسایی تێپەڕیوە و بووەتە دۆسیەیەکی سیاسی و سەربازی، دەبینین دەوڵەتی تورک بە ڕوونی ڕێگە بە هەموو ئەو تیرۆریست و تاوانبارانە دەدات کە دەیان تاوانی مرۆیییان ئەنجامداوە و دەستیان لە خوێنی گەلدایە، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەو گەلە بەرخۆدێرەی کە لە پێناو گەلەکەیان و پاراستنی بەها مرۆییەکان خەباتیان کرد و پێشەنگایەتی سەرکەوتنیان کرد، لە زیندانەکاندان و ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە،"بەداخەوە ئەم ڕێبازە لەبەردەم هەموو مرۆڤایەتیدا دەکرێت، کە دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی هەموو یاسا و پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و لەبری ئەوە تیرۆر لە باوەش دەگرێت، دەوڵەتی تورک تەنیا بەم شێوازە هەرزانانە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی شکستی چەتەکانی دەدات،. نابێت ئەم بڕیارانە قبوڵ بکەین، وەک چۆن باکووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ کۆبانێ سەفەربێت، ئەمڕۆش ئەرکی ئێمەیە لە هەمان ئاستدا سەفەربەر بین.