ڕەوشی زیاتر له ٢٠ خوێندکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان له مەترسیدایه

ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە سیاسەتەکانی هێرشی ژەهراویکردن بۆ سەر خوێندکاران بە مەبەستی سەرکوتکردنی ڕاپەڕین، لە سەقز دۆخی زیاتر لە ٢٠ خوێندکاری ژەهراوی لە مەترسیدایە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، سەرەڕای هەموو سیاسەتەکان و فشاری دەوڵەت بەبێ هیچ وەستانێک بەردەوامە، یەکێک لە ڕێگاکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین لەو قوتابخانانەی کە خوێندکارانی کچی تێدایە بە گازی ژەهراوی هێرشیان دەکاتەسەر، بەلایەنی کەمەوە ٤٧ خوێندکار بەهۆی ژەهراویبوونی گازی کیمیاییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و زیاتر لە ٢٠ خوێندکار کە ژەهراوی بوون دۆخی تەندروستیان لە مەترسیدان.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستگەیشتوون، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی میراک دوای ژەهراویبوونی خوێندکارەکان، خێزانەکانیان چوونە قوتابخانە و گرژی لەنێوان خێزانەکان و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو، خێزانەکان و ئەو کەسانەی کە ئیدانەی هێرشە ژەهراوییەکان دەکەن ئاڵای ئێرانیان لە قوتابخانەکە دابەزاند و دروشمی دژ بە خامنەییان وتەوە.

 

هەندێک سەرچاوە زانیارییان بڵاوکردەوە دەربارەی ئەوەی هێزەکانی ڕژێم تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو هێرشانە بەردەست نییە.

 

ڕەوشی خوێندکاران لە مەترسیدایه

ئەو شتانەی کە ئەزموونیان کردووە لە میدیا دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە قوتابخانەکان و لە هەمان کاتدا خێزانەکان منداڵەکانیان دەبەن بۆ نەخۆشخانە، دوای ڕووداوەکە، ڕاگەیەندرا بەلایەنی کەمەوە ٤٧ خوێندکار لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ کراوە و زیاتر لە ٢٠یان رەوشیان مەترسیدارە، بەرپرسانی ئێران تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

 

خوێندکاری کورد کارۆ پاشابادی، تەمەن ١٦ ساڵ لە ١٥ی ئادار بە گازی کیمیایی ژەهراوی ببوو، لە ٨ی نیسان گیانی لەدەستداو خێزانەکەی هەواڵی گیان لەدەستدانی کارۆیان بڵاوکردەوەو تەرمەکەی لە گوندی پێشەوای ناوچەی کامیاران بەخاک سپێردرا.