ململانێ لە سودان نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە دەکات
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ململانێکەوە لە سودان ئاوارەبوون بۆ نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی بەرزبووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ململانێی بەردەوامی سودان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان، هەزاران کەسی کردووەتە قوربانی، بەمەش ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی ناچارن هەڵبێن و کۆچ بکەن بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
دوێنێ ٩ی کانوونی دووەم، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچبەران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئاوارەکان و کۆچبەران بە ڕێژەی ٢٧% لە ساڵی پێشوو زیادی کردووە، بەو پێیەی ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ١١.٥ ملیۆن کەس، و زیاتر لە ٣.٣ ملیۆن کەس خەڵک بۆ وڵاتانی دراوسێ، کە دەکاتە نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس ئاوارەبوون لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ٨٤% خێزانە ئاوارەبووەکان پێویستیان بە خۆراک هەیە، هەروەها ٧٨%یان پێویستیان بە کەلوپەلی ناخۆراکی هەیە، بەتایبەتی شوێنی حەوانەوە و سووتەمەنی، زیاتر لە ٣٠%ی دانیشتووانی سودان ئاوارەبوون لە وڵاتانی دراوسێ و ئاوارەبوون لە ناوخۆدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی کۆکردنەوەی نزیکەی ٤.٢ ملیۆن دۆلار دەدات بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی لە سودان، ئەمەش دوای ئەوەی ململانێکان بژێوی ژیانی ناوچەکەی لەناوبرد.