تۆڕی پزیشکانی سوودانی لەبارەی دۆخی شەش هەزار زیندانی هۆشداری دەدات
کەمیی خواردن و ئەشکەنجە، ژیانی هەزاران زیندانی لە ناوەندەکانی هێزەکانی پاڵپشتی خێرای سوودان (RSF) خستووەتە مەترسییەوە.
ناوەندی هەواڵ – لە سودان، ئاگاداری لە کەمبوونەوەی توندی خۆراک و خراپبوونی مەترسیداری بارودۆخی تەندروستی و مرۆیی دەدرێت، لە کاتێکدا سەدان منداڵ و ژن لە ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتنی هێزەکانی پاڵپشتی خێرا (RSF) ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر مەترسیدار دەبنەوە.
تۆڕی پزیشکانی سودان، دوێنێ ڕایگەیاند کە بەگوێرەی زانیارییە بەڵگەدارکراوەکان، زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس، لەوانە ٧٠٩ ژن و نزیکەی ٥٠٠ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، لە چەندین ناوەندی دەستبەسەرداگرتندا لە شاری ئەلجەنەینە، پایتەختی ویلایەتی دارفوری ڕۆژئاوا، ڕاگیراون.
تۆڕی پزیشکان ڕوونی کردەوە کە ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن، بنکەی پێشووی هێزی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەفریقی لە دارفور (UNAMID)، بنکەی لیوای پێدەی پازدەهەم و زیندانی ئەرداماتا دەگرنەوە. هەروەها پشتڕاست کرایەوە کە زۆربەی ئەو ژنانەی لە ئامارەکاندا هاتوون، دوای ئەوەی هێزەکانی پاڵپشتی خێرا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کۆنترۆڵی شارەکەیان کرد، لە ئەلفاشەر دەستگیر کراون و دواتر گوازراونەتەوە بۆ ئەلجەنەینە.
تۆڕی پزیشکان نیگەرانیی خۆی لە کەمبوونەوەی خۆراک و خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن دەربڕی و ئاماژەی بە مەترسییە تەندروستی و مرۆییەکانی کرد کە هەزاران دەستبەسەرداگیراو، بە تایبەتی ژنان و منداڵان، ڕووبەڕووی دەبنەوە.
تۆڕەکە، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی زیادبوونی ژمارەی مردنە ڕۆژانەکان بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە بە پەلە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی مردن و دابینکردنی خۆراک و چاودێریی پزیشکیی پێویست بۆ دەستبەسەرداگیراوان.
هەروەها، تۆڕەکە داوای کرد ڕێگە بە ڕێکخراوە پزیشکی و مرۆییە سەربەخۆکان بدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکان، ئاشکراکردنی چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرداگیراوان و دڵنیابوون لە پاراستنیان لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ. لەگەڵ ئەوەشدا، داوای پاراستنی تایبەتی بۆ ژنان و منداڵان، لێکۆڵینەوە لە مردنەکان، لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییە بەڵگەدارکراوەکان و گرتنەبەری هەنگاوی خێرا کرد، بۆ ئەوەی ڕێگری لە خراپتر بوونی زیاتر لە بارودۆخی تەندروستی و مرۆیی بکرێت.
تۆڕەکە جەختی کردەوە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی چاودێری و نوێکردنەوەی زانیارییە بەڵگەدارکراوەکان، ئەم ژمارانە دووبارە هەڵدەسەنگێندرێن و ئەگەری هەیە زیاتر بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا زانیاریی سەربەخۆ و ورد نییە کە هۆکارەکانی مردنەکان ڕوون بکاتەوە یان لایەنی بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم ناوەندانەی دەستبەسەرداگرتنە دیاری بکات.