مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایکۆتی خوێندن دەکەن

جارێکی دیکە مامۆستایانی وانەبێژ دژی بە هەمیشەیی نەکردنیان گردبوونەوە و ڕێپێوانیان ئەنجامدا، دەڵێن مووچەکانیان بەشی کرێی هاتوچۆ ناکات، ڕاشیانگەیاند ئەگەر نەکرێن بە هەمیشەیی بایکۆتی خوێندن دەکەن.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژی سنوری سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

 

ماوەیەکی زۆرە بەردەوام مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان لە ٢٠ هەزار مامۆستا زیاتر دەبێت، داوای بە هەمیشەیی کردنیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراون، ئەمڕۆش لە گردبوونەوەکەدا چەندین دروشمی وەک "سوپاس لێدوانی پوچە ئەگەر نەکرێ بە مووچە، هەر کات کردمان بە بایکۆت بەرپرسیارێتی لەسەر خۆت"یان دەووتەوە.

 

لە سەرەتایی گردبوونەوەکەدا لەلایەن محەمەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دەرگای دامەزراندن بکاتەوە، مامۆستایانی وانەبێژ بە هەمیشەیی بکرێن.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەشدا هاتووە " ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی داواكاریه‌كانمان نه‌داته‌وه‌ درێژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كانمان ده‌ده‌ین له‌ كاتێكی دیاریكراودا بایكۆتی گشتی پڕۆسه‌ی خوێندن ڕاده‌گه‌ێنین".

 

دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە بە ڕێپێوان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاواوە تا بەردەم  بینای پارێزگای سلێمانی چوون، ماوەی چەند کاتژمێرێک لەوێ مانەوە، بەڵام وەک هەمیشە هیچ وەڵامێکیان دەستنەکەوت.

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ٢٠ هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەیە، زۆرینەیان لە ناوەندی شارەکانەوە دەچن بۆ شارۆچکە و شارەدێیەکان، مووچەکانیان لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دینارە، وەک خۆیان دەڵێن بەشی کرێی هاتوچۆکەیان ناکات.

 

نەشمیل محەمەد، یەکێک لە مامۆستایانی وانەبێژ دانیشتووی سلێمانییە لە پەروەردەی شارباژێڕ وانەبێژە، لە مووچە ٣٠٠ هەزارەکەی ١٠٠ هەزار بۆ کرێی هاتووچۆ دەڕوات، ١٠٠ بۆ خەرجی و نانخواردن دەڕوات، سەرباری سەختی ڕێگای چوون بۆ قوتابخانەکە، مووچەکەی بەشی ڕێگای هاتوچۆکەی ناکات، ئەمە جگە لە نەبوونی نەوت و ئاو لە قوتابخانەکەدا و کێشە و کەموکورتییەکانی قوتابخانەکان کە هاوسنورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

 

تاڤان یاسین، ماوەی پێنج ساڵە وانەبێژە، بۆ داواکردنی مافەکانیان هاتووەتە سەر شەقامەکە، دەڵێت حکومەت دەتوانێت دایان بمەزرێنێت، بڕێکی زیاتر دەچێتە سەر مووچەکەیان، "یانی حکومەتێکی گەورە و گران ناتوانێت ئەو مامۆستایانە دابمەزرێنێت، ناتوانێت گرنگترین توێژی کۆمەڵگا ڕازی بکات".

 

ڕۆژان جەمال، ماوەی شەش ساڵە مامۆستای وانەبێژە، باس لەوەدەکات چەندین ساڵە ئەرکی مامۆستایەتیان بە جێگەیاندووە، بۆیە ئێستا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن کە بەدەستیبهێنن.

 

پەیمان سدیق ماوەی سێ ساڵە مامۆستای وانەبێژە، ماوەی ٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، دەڵێت "سوکایەتی زۆر بە مامۆستا دەکەن، مامۆستایان بچووککردووەتەوە، دامان نامەزرێنن لە کاتێکدا داهاتی ئەم هەرێمە بەشی ئەوە دەکات مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابین بکەن".

 

ت.پ