مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوە
مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین لە دژی پێنەدانی مووچە و کەمتەرخەمی حکومەت گردبوونەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، خۆپیشاندانی مووچە خۆران بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٨ی شوبات، مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە سنووری سلێمانی لە دژی پێنەدانی مووچە و کەمتەرخەمی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لە بەردەم پەروەردەی گشتی لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییەکان ئەنجامدا.
ئاماژەیان بەوەکرد، خۆپیشاندانی مامۆستایان، فەرمانبەران و مووچە خۆران بەردەوام دەبێت هەتا ئەوکاتەی زوڵم و ستەمی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بێت، هەروەها دەیانەوێت بە دەسەڵاتی شکستخواردووی هەرێمی کوردستانی ڕابگەیەنن، ئەگەر لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا وەڵامی داواکارییەکانی ئێمەی مامۆستایان و مووچە خۆران نەدەنەوە، ئیتر لە مەودوا خۆپیشاندانی داهاتوومان دەبەینە شادەماری خوێنی ئەم دەسەڵاتە کە ئەویش خاڵە سنوورییەکانە.
مامۆستایان وتیان: ئیتر ماندووبوین و هیوادارین دەسەڵاتی هەرێم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە و ئیتر تا ئێرە بێت و بەس، لەسەر هەڵوێستەکانمان بەردەوام دەبین، بەڵام قۆناغی ناڕەزایەتییەکانمان دەگۆڕین بۆ شێوازی تر.