مامۆستایان و خوێندکاران لە ڕێگەی خۆپیشاندان داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن
بەهۆی دواکەوتنی موچەی سێ مانگی موچەخۆران، لە شاری سلێمانی مامۆستایان و خوێندکاران ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تا مافە سەرەتایەکانیان بۆ دابین دەکرێت، دەڵێن: کلیلی کردنەوەی خوێندنگەکان بە پێدانی موچەی مامۆستایان دەبێت.
سلێمانی_ هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوام لە ڕێگەی خۆپیشاندان و بایکۆتی فەرمانبەران و مامۆستایانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن، لەئێستادا ماوەی سێ مانگە موچەی موچەخۆران دابین ناکرێت، دەنگی ناڕەزای هاوڵاتیان زۆرێک لە شارەکانی تەنییوە، لە ئێستادا موچەخۆران موچەی مانگی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤یان پێ نەدراوە، لە کاتێکدا ماوەی ١٠ ساڵە موچەخۆران لە کۆتای ساڵەکاندا موچەی دوو مانگیان پێ نادرێت، سەرەڕای هەبوونی بایکۆت و ڕاگرتنی سەرجەم سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، فەرمانگەی هاتوچۆ و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان لە کار کەوتوون، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکانی هاوڵاتیان ناداتەوە، لە ناویاندا خوێندکاران دەبنە زەرەرمەندی یەکەم، تێیدا جیلێکی نا هۆشیار لە زانست و زانین بونیاد دەندرێت، لە دوای بایکۆتکردن و ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٦ی کانوونی یەکەم لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا تا ئێستا پاشەکەوتی موچەی ساڵانی ڕابردوو و موچەی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بۆ موچەخۆران بە نادیاری ماوەتەوە.
" مامۆستایانی ناڕازی لە ڕێگەی مانگرتنەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن "
پەروین عەبدوڵا، مامۆستای ناڕازی لە خوێندنگەی هەواری شاری بنەڕەتی، ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت هۆکاری پێنەدانی موچەی فەرمنبەرانە لە هەرێمی کوردستاندا، ماوەی ١٠ ساڵە مامۆستایانی ناڕازی و فەرمانبەران بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری و پێنەدانی موچەکانیان بەردەوام گردبوونەوەتەوە و ناڕەزای دەردەبڕن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار تا ئێستە کێشە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکەن، لە ئەنجامی ئەم هەڵوێستە لە ناوچەکەدا مامۆستایان و فەرمانبەران ماوەی ١٦ ڕۆژە بایکۆتی ئەرکەکانیان کردووە، وتی: ئێمەی مامۆستایانی ناڕازی ماوەی سێ مانگە موچەکانمان وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابووریەی هاوڵاتیان تێیدا گوزەر دەکەن بایکۆتی سەرتاسەریمان ڕاگەیاندوە، سەرەڕای نەبوونی موچە چەندینمان بەبێ بوونی پێداویستی خوێندنگە و گەرمکەرەوە و پاشان پێنەبوونی پارەی پێویست بۆ هاتوچۆکردن و دابینکردنی خواردن بۆ خۆمان و منداڵەکانمان وانەمان دەوتەوە، بەڵام ناتوانین بەردەوامبین لە وانەوتنەوە لە کاتێکدا ناتوانین کرێی هاتوچۆ و خواردنی خۆمان و منداڵەکانمان دەستەبەر بەین.
ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد، بایکۆتکردنی وانەوتنەوە لەمساڵدا خۆڕسکانەبوو، بەبێ بوونی هیچ زۆرلێکردنێک بایکۆتاین لە سەرجەم خوێندنگەکاندا ڕاگەیاندووە، هەروەها لە ڕێگەی خۆپشاندانەکانەوە بەردەوام لە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیاندان، خۆپیشاندان و هەڵوێستی مامۆستایان بەو شێوازە دەمێنێتەوە تا بە تەواوی مافە ڕەواکانیان پێ دەدرێت، لە هەفتەی داهاتووتردا مامۆستایان بە ئاماددە بوونی فەرمانبەرانیش خۆپشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن و هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی دەمدورینەوە و بایکۆتکردن لە خواردن، تەنها لە شوێنێکی دیاریکراودا نامێننەوە سەردانی دام و دەزگاکانی دیکەی حکومەت دەکەن، وتی: ئێمەی مامۆستایان داوای مافی خۆمان دەکەین پێویستە تەواوی موچەکانمان پێبدرێت پاشان هەوڵی کردنەوەی خوێندنگاکان بدەین، هەروەها خوێندکارەکانیش هاوشێوەی مامۆستایان توانای بەردەوامی لە خوێندنیان نەماوە، زۆرێک لە دایکان و باوکان بەهۆی پێنەدانی موچەوە ناتوانن وەک پێویست منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، خوێندکارم هەیە لە برسا دەبورێتەوە، دایکی دەڵێت ناتوانم پارەی پێبدەم تا خواردن بکرێت، خوێندکاری دیکەم هەیە ناتوانێت خۆی و خوشکەکەی بەیەکەوە دەوام بکەن، چونکە خێزانەکەی توانای خەرجیی دوو خوێندکاری نییە، ئەم هۆکارانە بوو ئێمەی مامۆستای والێکرد داوای مافی خۆمان و خوێندکاران بکەین.
لە کۆتاییدا ئەو مامۆستایە وتی: پێویستە خۆپشاندانەکانی مامۆستایان تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان بەردەوامی هەبێت، خۆپشاندانی ئەم جارەمان پێویستە بچێتە بەردەم خوێندنگە ئەهلیەکان و دامودەزگاکانی دیکە، داواکارم لەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان لە خوێندنگە حکومیەکانەوە نەگوازنەوە خوێندنگە ئەهلییەکان تا ئەوانیش بتوانن بێنە سەر جادەکان، مامۆستایانی ناڕازی دواکارین لە سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەشداری خۆپشاندانەکان بکات.
"حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی ناهۆشیاری ئێمەی گەنجانە، بۆیە موچە نادات بە مامۆستاکانمان"
ئالیا ئەحمەد، خوێندکار لە خوێندنگەی ئامادەیی مێرگەپان، باسی لە بایکۆتی خوێندنگەکەیان کرد کە ماوەی ١٦ ڕۆژە خوێندنگەکەیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە وتی: ماوەی چەندین ڕۆژە مامۆستاکانمان بایکۆتی وانە وتنەوەیان لە خوێندنگەکەمان کردووە، سەرەتا مامۆستاکانمان پێیان وتین "بەهۆی نەبوونی موچە و دابین نەکردنی بژێوی ژیانمان ناتوانین وانەتان پێ بڵێینەوە، پێویستدەکات بایکۆت بکەین و بڕۆنەوە ماڵەوە"، ئێمەی خوێندکاران ماوەی چەندین ساڵە بەم جۆرە خوێندن دەکەین و زۆر دڵگرانبووین، ماوەی سێ مانگە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە، فەرمانبەران مافی خۆیانە و ئێمەی خوێندکاریش مافی خۆمانە وانەکانمان بخوێنین، هەروەها بێ پارەیی و نەبوونی ژیانێکی ئارام بۆ خوێندکار و مامۆستاکان بە ڕەنگی هەموومانەوە لە خوێندنگەدا دیاربوو، مامۆستایان و خوێنکاران نەیان دەتوانی کرێی هاتوچۆکردن و خواردنەکانیان دابین بکەن.
ئەو خوێندکارە لە کۆتاییدا وتیشی: هاوڕێم هەیە لە خوێندنگەی ناحکومی خوێندکارە بەبێ هەبوونی ئاستەنگی دەوام دەکەن، بەڵام ئێمەی خوێندکاری حکومی ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام لە بایکۆتکردنی خوێندنداین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی نەبوونی خوێندن و پێگەیاندنی جیلێکی ناهۆشیارە، ئامانجیان نەبوونی پزیشک، مامۆستا، پارێزەر و ئەندازیاری بەتوانایە لە وڵاتەکەماندا، نایانەوێت گەنجێکی هۆشیار لە وڵاتیاندا هەبێت، پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بەشداری لە خۆپشاندان و بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن، من وەک خوێندکارێک بەردەوام لایەنگری مامۆستایان دەکەم و بەشداری خۆپشاندانەکانیان دەکەم، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زوترین کات هەوڵ بۆ کردنەوەی خوێندنگە و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان بدات، کلیلی چارەسەری و کردنەوەی خوێندنگەکان بە پێدانی موچە دەبێت.