"لەیلا قاسم هێمای تێکۆشانی گەلی کوردە"

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی "مەخمور" ، باسی لە خەبات و بەرخۆدانی لەیلا قاسم کرد و ڕایگەیاند، خەباتی لەیلا قاسم هێمای تێکۆشانی گەلی کوردە.

بەرژین کارا

 

مەخمور- لەیلا قاسم، تێکۆشەری کورد لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە خانەقین لە دایک بووە، دوای خوێندنی سەرەتایی، لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ بەغدا، هەمیشە پاراستنی پرسی گەلی کورد بە ئەرکێکی گرنگ و مەزنی بۆ خۆی دەبینی، خوێندنی ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە و دواتر بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی تەواوکرد، لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا، زوو دەبێتە ئەندامێکی چالاکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە زانکۆی بەغدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خوێندکارانی کورد هەبوو، لەیلا قاسم هەمیشە جەختی لەسەر یەکسانی کۆمەڵایەتی و مافی ژنان و پرسی گەلی کورد کردووە.

 

"بە کوشتنی من هەزاران کورد لە خەوێکی قورس بەئاگا دێن"

لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بەغدا تەڤگەرو خەباتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەرەڕای فشاری هەواڵگری بەعسی عێراق زیادی کرد، لەگەڵ فراوانبوونی جەنگەکان لە ساڵی ١٩٧٤ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس یەک بە یەک چاودێری کەسایەتییە کوردییەکانیان دەکرد، لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی؛ جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعس لە بەغدا دەستگیرکران، کاتێک لە زیندان بوو، ئەشکەنجە درا، لە کاتی لێکۆڵینەوەی هەواڵگری ڕژێمی بەعسدا، لەیلا قاسم ئەمەیان پێ دەڵێت؛ "من بکوژن، بەڵام هەروەها بزانن کە بە کوشتنم، هەزاران کورد لە خەوێکی قورس بەئاگا دێن، من زۆر دڵخۆشم و شانازی دەکەم کە گیانی خۆم دەکەمە دەبەخشم بۆ ئازادی کوردستان.

 

ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی گەلی کورد بترسێنێت، بەتایبەتی گەنجان، دوای ڕفاندنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لە دادگایەکی نادادپەروەردا فەرمانی لەسێدارەدانی دان، هەرچەندە دوو هەفتە تێپەڕ نەبوو لە دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی. لە بەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی لە سێدارە دران.

 

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی مەخمور، باسی لە خەبات و بەرخۆدانی لەیلا قاسم کرد و ڕایگەیاند کە تێکۆشانی لەیلا قاسم هێمای تێکۆشانی گەلی کوردە، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خەباتی ژنان لە مێژووی گەلی کورددا و وتی: لە مێژووی گەلی کورددا، لەگەڵ بەرخۆدانی گەلی کورد لە دژی داگیرکاری و دەسەڵات، ژنانی کوردیش بەشدارییان کردووە، ئەم مێژووەی خەباتی ژنانی کورد بێ گومان ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاندوە و ئەمڕۆ توانیومانە پێشەنگی هێڵی ئازادی ژنان و گەل بین. یەکێک لەو ژنانەی کە خەباتی کرد لەیلا قاسم بوو، کە ئێستا لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەیداین.

 

"لەیلا قاسم خەباتێکی مێژوویی لە دژی سیستمی دەسەڵاتداری بەرپا کرد"

 

کاتێک سەیری کاریگەری لەیلا قاسم دەکەین لەسەر گەلی کورد و تێکۆشانی گەلی کورد، بێگومان کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە، لەبەر ئەو ساڵانە، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس، کە لەسەر ڕەگەزپەرستی عەرەبی دامەزرا و هەوڵی دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی زاڵ بکات، بەتایبەتی لە کوردستان، بۆیە ڕژێمی بەعس وەک هێزێک لە باشووری کوردستان و لە ڕۆژئاوای کوردستان سەریهەڵداوە بۆ لەناوبردنی خەباتی ئێستای گەلان. بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، گەلی کورد ڕووبەڕووی دڕندەیی سەدام بوونەوە، لەیلا قاسم کە خوێندکاری زانکۆ بوو  لە دژی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارە و دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی تێکۆشانی کرد.

 

"ئامانجی ڕژێمی بەعس سەرکوتکردنی تێکۆشانی گەلی کورد بوو"

لەیلا ئارزو ئاماژەی بەوەکرد لەیلا قاسم بەهۆی خەباتی دژ بە دەسەڵاتەوە بووە ئامانجی سیستمی بەعس و وتی: لە لایەکەوە، سیستمی بەعس دەیویست بە بەئامانج گرتنی لەیلا قاسم خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان سەرکوت بکات، لەبەر ئەوە لەکاتە تایبەتە کۆبوونەوەکانی نێوان ڕژێمی بەعس و مەلا مستەفا بارزانی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان. هەم لە ڕووی زمان و کولتوورییەوە، ببێتە خاوەن ماف، لە لایەکی ترەوە، ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە بۆ سەر گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجامدرا. لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لە سێدارە درا، لە ساڵی ١٩٧٥ خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەلایەن مەلا مستەفاوە هەڵوەشێنرایەوە و بە "ئاشبەتاڵ" مامەڵەی لەگەڵ کرا، جارێکی تر خیانەتەت لە تێکۆشانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی کرا.

 

"تێکۆشانی لەیلا قاسم لە سەرتاسەری کوردستان بڵاوبووەوەو بووە هێما"

لەیلا ئارزو ئیلهان  ڕایگەیاند، خەباتی لەیلا قاسم لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوەچوو و وتی: لەیلا قاسم لە باشووری کوردستان تێکۆشانی کرد، بەڵام بە شەهیدبوونی ئەو، ئەم خەباتە ئەو سنوورانەی تێپەڕاند کە دوژمنەکان لەسەر کوردستان بونیادیان نابوو و ئەم خەبات و بەرخۆدانە لە هەموو کوردستاندا بڵاو بووەوە. کاتێک سەیری ئەو پرۆسەیە دەکەین، هەزاران منداڵی کچ کە لە دایک بوون ناوی لەیلا قاسمیان لێندرا، گەلی کورد لەیلا قاسمیان وەک هێمای بەرخۆدان و خەبات بینی و لە لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش هەزاران منداڵی کچ ناویان لێندرا لەیلا و بەم شێوەیە ئەم خەباتە لە کوردستان بەردەوام بوو.

 

"هەڵوێستی لەیلا قاسم وایکرد تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام بێت"

لەیلا ئارزو ئیلهان تیشکی خستە سەر خەباتی ژنانی کورد لە مێژوودا و وتی: لە مێژووی کوردستاندا، چەندین ژنی کاریگەر وەک ڕیندەخان، زەریفە و قەدەمخێر توانیویانە لە دژی دەسەڵات و سیستمەکەی ئێستا ڕاپەرن و تێبکۆشن، وتنی  "شێر شێرە، چ ژن، چ پیاو" دەتوانرێت لە کەسایەتی ئەم ژنانەدا دەرببڕدرێت و تا ئەمڕۆش ئێمە سیستمێکی ڕێکخراوی ژنانمان هەبووە بۆ پاراستن و خۆ پەروەردەکردنی ژنان لەم سەرچاوانەی مێژووەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، بوونی لەیلا قاسم و ڕێکخراوەکەی و هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکاری و سیستمی بەعس ڕێگەی بە خەباتی گەلی کورد داوە کە بەردەوام بێت و بە یارییە داگیرکەرەکان لەناو نەبرێت.

 

"لەیلا قاسم بوو بە هێمای تێکۆشانی گەلی کورد"

لەیلا ئارزو ئیلهان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، وەک ژنانی کورد ئەرکی سەرەکیان خاوەنداری کردنە لە پرسی ژنانی پێشەنگی گەلی کوردو وتی: هەر ژنێک کە تێکۆشانی کردووەو شوێن هەنگاوەکانی کەوتووە دۆزەکەی بەردەوامە، لەیلا قاسم هێمایەکی ساڵانی ٨٠کانی کوردستان بوو، بێریڤان، بێریتان و زیلان بوون بە هێما کاتێک لە سالان ٩٠ەکان بینیمان. ئەمڕۆ، ئارین میرکان، سارا و سەما بوون بە هێما. ئەمانە هەموو ئەو ژنانەن کە بەو شێوەیە خەباتیان کردووە، و بەردەوام بوون، ئەمڕۆ ملیۆنان ژن بەدوای ئەم بازنەیەدا دەگەڕێن، واتە لەیلا قاسم، زەریفە یان قەدەمخێر. پێشەنتگایەتی ئازادی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکەن، هەر لەبەر ئەوەشە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەوە. لەبەر ئەوە ڕێبەر ئاپۆ کاتێک دەستی بە خەبات کرد بۆ ئازادی ژنان و گەلی کورد وتی: لەم تێکۆشانەدا ژنان دەبێت ببنە خاوەنی خۆیان و ئێمەش دەبین بە هاوڕێ بۆ ئەوەی ژنان ببنە خۆیان، دۆستایەتییەکی دروست و ئەو خەباتە پێشکەش دەکەین کە بۆ ئەمە داواکراوە.