لوبنا نەجیب: هیچ پاراستنێک بۆ کرێکاران لە کارە زۆر سەختەکاندا نییە

لوبنا نەجیب توانی لەو بوارانەدا جێگای خۆی بگرێتەوە کە پێشتر بۆ پیاوان دیاری کرابوون، ئەو یەکەم ئێشگری ئاسایشی تایبەتی ژنە لە مەغریب کە دامەزراوەیەکی بۆ پاراستنی مافی ژنانی کرێکار دامەزراندووە.

حەنان حارت

 

 مەغریب - لوبنا نەجیب ماوەی ١٨ ساە وەک ئێشکگری ئاسایشی تایبەت کاردەکات، لە پیشەکەیدا تووشی ئاستەنگی زۆر بووە و لەم بارەیەوە وتی: من شەڕێکی سەختم لە دژی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە کرد کە بوونی ژنانی قبوڵ نەدەکرد، فشارە کۆمەڵایەتییەکان هاندەرێک بوون بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتی پیشەکەوە بکەم، لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆمەڵەی تایبەتی خۆم  دامەزراند بۆ پاراستنی مافی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار ئێشکگری ئاسایشی تایبەتی ژن و پیاو و پاراستنی مافی کرێکارانی کار لە دامودەزگا گشتییەکان.

 

 'کارکردن لە دەرەوەی کاتژمێرە یاساییەکان'

 لوبنا نەجیب لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەو ئاستەنگ و سەختییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە تا گەیشتە ئامانجەکەی ڕاکێشا و وتی: ئەم کۆمەڵەیە بۆ ڕاپۆرتکردنی  ئازارەکانی کرێکاران بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە و بۆ ئاشکراکردنی هەراسانکردنەکان لەلایەن  هێزەکانی دەسەڵات، کرایەوە،  بەهۆی ئەمەوە ئەم کۆمەڵە کرێکارە حەقدەستی پێویستیان نییە و مافی کارکردنیان پارێزراو نییە، ئەو کرێکارانەی لە بوارەکانی ئامادەکردنی خۆراک و پاککردنەوە لە نەخۆشخانەکان و دامودەزگا گشتییەکان کار دەکەن، ڕووبەڕووی هەراسانکردن و بارودۆخی سەختی کار دەبنەوە،  هەرچەندە سەعاتێکی زۆر کاردەکەن، بەڵام حەقدەستەکانیان زۆر کەمە، ئەوان زیاتر لەو ٨ کاتژمێرە یاساییە کاردەکەن کە لە ماددەی ١٨٤ی یاسای کاری مەغریبدا دیاری کراوە و سوودمەند نین لە هیچ زیادکردنێکی مووچە.

 

 'کرێکارانی حکومەت زۆرترین ئیستغلال دەکرێن'

 لوبنا نەجیب لە وتەکانیدا باسی لەو ئازارانەی کرد کە کرێکاران لە ژیانی کارکردنیاندا تووشی دەبن و وتی: ئەو گروپانەی لە کەرتی حکومەتدا کاردەکەن زۆرترین ئیستغلال دەکرێن، هەروەها هەندێک جار  کرێکارەکان ناچاردەکەن کە لە دەرەوەی کارەکانیان کار بکەن، وەک پاککردنەوەی ماڵی بەڕێوەبەرەکانیان و ئەگەر کرێکارەکان ڕەتی بکەنەوە، بەبێ پاراستنی یاسایی لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە،  بەڵام بەداخەوە کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردن ڕۆڵی نێوەندگر دەگێڕن و هەموو ئەو پێشێلکاریانە دەشارنەوە کە ئەم چینە کرێکارە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، زۆربەی ژنانی کرێکار ناخوێندەوارن و بێ ئاگان لە مافەکانیان، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر گەورەتر دەکات، بەرپرسیارێتی حکومەت لە دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی ئەم گروپەدا دیارە، کە ڕووبەڕووی هەلومەرجی سەخت دەبنەوە بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی دۆخەکەیان.

 

"'دەبێت مافی کرێکاران بپارێزرێت"

 لوبنا نەجیب داوای کرد کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دۆخی کرێکاران بە جددی وەربگرن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم کۆمەڵە کرێکارە لە هیچ سەرچاوەیەکی پەیوەندیدارەوە پشتیوانی وەرناگرن، هەندێکیان زیاتر لە ٥ مانگە بەبێ مووچە کاردەکەن، ئێمەش وەک ئێشکگری ئاسایشی تایبەت زیاتر لە ١٢ کاتژمێر کار دەکەین، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی کارە، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەچنە ناو مەیدانی ئێشکگری ئاسایشی تایبەتەوە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمڕۆ ژنان جێگەی خۆیان دەگرنەوە و بوونی خۆیان لە هەموو کایە کۆمەڵایەتییەکان دەسەلمێنن، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوەی وردی ئەم بوارە هەیە لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، چونکە کرێکاران لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە و کەس مافەکانیان ناپارێزێت.