لەسەر گۆرانی کوردیی تورکیا ٥ سیاسەتمەداری کوردی زیندانی کرد

لە دێرسیم تورکیا سزای ١٠ مانگ زیندانی بەسەر ٥ سیاسەتمەداری کورددا سەپاند، بەبیانووی ئەوەی، کە لە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادیی" بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕیوون.

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە ٨ـی شوباتی ٢٠٢٤ لە دێرسیم "ڕێپێوانی مەزنی ئازادیی" ئەنجامدا، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن” دۆز لە دژی پێنج سیاسەتمەداری کورد کرایەوە.

 

دانیشتنی دۆزەکە بەڕێوەچوو، دۆزی هاوسەرۆکانی پێشووی شارەکە، ئەسما عەتاش و ئۆزجان گورتەش، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم بیرسەن ئۆرهان کە قەیوم لە جێگەی دانراوە، نازلی ئۆز چەلیک و ئۆزەر لاچین، لە دووەمین دادگای سزای قورسی دێرسیم بەڕێوەچوو.

 

لە دانیشتنەکەدا داواکاری گشتیی تۆمەتی “هەستی ڕقئامێز و دوژمنانە، ئەو گۆرانییانەی کە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سیستمی جەماوەریی تێکدەدا، وتراوە” ئاڕاستەی هەر پێنج سیاسەتمەدارەکە کرد،کە مەبەست لێی گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردییە، داواکاری گشتی داوای کرد بە تۆمەتی “پرۆپاگەندەی ڕێکخستن” سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.

 

پارێزەران ڕایانگەیاند چالاکی پارتە سیاسییەکە وەک تاوان نیشاندراوە و داوای بێتاوانیان بۆ موەکیلەکانیان کرد، پارێزەران جەختیان کردەوە، هێزە ئەمنییەکان، هەردوو گۆرانییەکانی ” Berxwedan xweş doz e” و ” Herne Pêş”” یان بە (گوگڵ ترانسلەیت) وەرگێڕاوە، وەرگێڕانەکەی هەڵەیە لەسەر ئەو بنەمایە تۆمەتباریان کردوون.

 

هەروەها پارێزەران ڕایانگەیاند، ئەمانە گۆرانیی فۆلکلۆریین و لە چەندین ئاهەنگ و چالاکییدا دەوترێنەوە.

 

بەڵام دادگا سزای ١٠ مانگ سزای زیندانی بەسەر هەریەکەیان سەپاند و بڕیاریدا بە دواخستنی سزاکە.