ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئێران سزای توندیان بۆ دیاری کرا

دانیشتنی ڕۆژنامەنووسان "مێهرنوش زارعی هەنزکی، سەعیدە شەفیعی و نەسیم سوڵتان بەیگی" لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو و سزای توندیان بۆ دیاری کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکانی ئەمڕۆ، دانیشتنی ڕۆژنامەنووسان مێهرنوش زارعی هەنزکی، سەعیدە شەفیعی و نەسیم سوڵتان بەیگی بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کاتی کۆبوونەوەکە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی کەسانی دیکە نەکراوە بۆ ناو هۆڵی دادگا، چەندین هاووڵاتی و چالاکوانی ڕاگەیاندن لە نێویاندا نوێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران، لە هۆڵی دادگا ئامادە بوون.

 

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دادگاییکردنەکە، تۆمەتەکانی وەک "پڕوپاگەندە دژی سیستم و ئاسایشی نەتەوەیی" کە بەسەر ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە "سەعیدە شەفیعی، مێهرنوش زارعی، و نەسیم سوڵتان بەیگی"دا سەپێندرابوون، تاوتوێ کران، بەپێی مادەکانی ٥٠٠ و ٦١٠ ی یاسای سزادانی ئیسلامی، هەریەک لەو تۆمەتانە دەتوانێت سزای "پێنج ساڵ زیندانی"ی لێبکەوێتەوە، هەروەها ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە بە بەرگریکردن لە نووسینەکانیان تیشکیان خستە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و سروشتی کاری ڕۆژنامەنووسان وەڵامیان دایەوە.

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان دادوەری دادگا پڕۆسەی کۆبوونەوەکەی گۆڕیوە بە هێنانە ئارای پرسی دژایەتی ڕۆژنامەنووسان بۆ "حیجابی زۆرەملێ" و ئاماژەکردن بە پۆستەکانیان لە ئینستاگرام و ئەو ناوەڕۆک و بۆچوونانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردبووەوە بۆ دژایەتی حیجابی زۆرەملێ، کە بووە بە بابەتی سەرەکی ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەیان کرابوو تا ئەو ڕادەیەی کە دادوەری دادگا لە ڕێگەی لێدوان و بۆچوونەکانیانەوە سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ بۆ ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە سوکایەتی پێکردوون.

 

باس لەوەش کراوە کە لە کۆتا خولەکەکانی دادگاییکردنەکەدا، دادوەر ڕێگەی بە بەدر ئەلسادات موفیدی، یەکێک لە نوێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران داوە، بۆ بەرگریکردن لە ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە و دۆسیەکەیان قسە بکات.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوە، دوای دانیشتنێکی گرژی  چوار کاتژمێری، دادگا بە ڕاگەیاندنی کۆتایی دانیشتنەکان کۆتایی پێهێنا و لە کۆتاییدا داواکاری گشتی داوای سزای توندی بۆ تۆمەتباران کردووە.

 

سەعیدە شەفیعی چیرۆکنووس، ڕۆژنامەنووس لە بواری ئابوری و دەرچووی "ئابووری کشتوکاڵی" لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران  و بڕوانامەی ماستەری لە "ئابووری وزە و بەبازاڕکردنی سەرچاوە هایدرۆکاربۆنەکان" لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی تاران بەدەستهێناوە،

 

لە تاقیکردنەوەی ماستەری ساڵی ٢٠٠٥ توانی پلەی سێیەمی تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆی ئازاد بەدەست بهێنێت، ساڵی پار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵە تایبەتەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی ٢ی ئەی لە زیندانی ئەڤین گواسترایەوە و لە  هەمان ساڵ پاش دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تۆمان بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 

مێهرنوش زارعی هەنزکی ڕۆژنامەنووس لە بواری کۆمەڵایەتی "تەندروستی، چارەسەر و زیانە کۆمەڵایەتییەکان"ە، چەندین ڕاپۆرتی لە میدیا ناوخۆییەکانی وەک ئیلنا، ئیسنا، ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێن ئەی و هەفتەنامەی چێڵچەراغ بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە ماڵی دایکی لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی ٢ی ئەی لە زیندانی ئەڤین گواسترایەوە و هەمان ساڵ بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

 

نەسیم سوڵتان بەیگی، "زانستەکانی پەیوەندی" لە زانکۆی عەلامە تەباتەبای لە تاران خوێندووە، ئەندامی هەمیشەیی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران بووە و پێشینەی کارکردنی لە چەندین ڕۆژنامەی ناوخۆیی وەک ڕۆژنامەی شەرق، ئارمان، ئیسکانیوز، شەهرنووشت هەبووە، پێشتریش بەهۆی چالاکی سەندیکاکانییەوە دەستگیرکراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ لە گردبوونەوەیەکدا دەستگیرکراوە و سزای دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنراوە.

 

هەروەها لە کۆبوونەوەکانی خوێندکارانی ساڵی ٢٠٠٧  دەستگیرکراوە و لە دادگای سەرەتایی سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، کە بۆ ٣ ساڵ زیندانی و دوو ساڵ لە دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی بۆ کەمکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٣ بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە.

 

ساڵ پار نەسیم سوڵتان بەگی لە کاتی بەجێهێشتنی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی ٢ی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە و لە هەمان ساڵ بە کەفالەتی یەک ملیار تومەن ئازادکرا.