ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ژنان

دەستگیرکردنی مەریەم عەباسی نیکۆ لە جیاتی بیتا شافیعی کچی کە پێشتر دەستگیرکراوە، شەهلا چۆپانی، هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز، هەروەها ٣ ئەندامی بنەماڵەیەک لە پیرانشار دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ دووبارە دەستگیرکردنی "بیتا شافیعی" لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ماڵی باوکی بەهۆی نەبوونی بیتا لە ماڵەوە، دایکی "مەریم عەباسی نیکۆ" لەبری کچەکەی دەستگیرکرا.

 

بە پێی زانیارییەکان شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی بیتا و کاتێک هەستیان کرد بیتا لە ماڵەوە نییە، دایکیان دەستگیر کرد.

 

بیتا شەفیعی، خوێندکارێکی تەمەن ١٧ ساڵە و خەڵکی شاری شاهین شارە و لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی کیمیابارانی قوتابخانەکانی کچان، گازی فرمێسکڕێژی فڕێدایە سەر هێزە سەرکوتکەرەکان و دەستبەسەر کرا.

 

بیتا شافیعی لە کاتی لێپرسینەوەدا بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە پەنجەی ناوەڕاستی شکاوە، ئازایانە لە دادگا لەبەردەم لێکۆڵەر و دادوەر وەستایەوە، بەهۆی خۆڕاگرییەکەیەوە هەڕەشەی سزای قورسیان لێکردبوو.

 

دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی سەقز بە ناوی شەهلا چۆپانی

ئەمڕۆ سێشەممە هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە هاووڵاتییەکیان بە ناسنامەی شەهلا چۆپانی دەستبەسەرکرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

 

شەهلا چۆپانی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵە و خاوەنی ناوەندێکی چنینی فەرشە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٩ ی سەرلەبەیانی لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی باوکی کە دەکەوێتە شارۆچکەی کۆخ، لەلایەن کارمەندانی ئەمنیەوە دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە هەوڵی ئەو بنەماڵەیە بۆ زانینی شوێنی کچەکەیان و هۆکاری دەستگیرکردنی بێ ئەنجام بووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکوتکردن و بەکارهێنانی فشارە ئەمنیەتی و قەزاییەکان بۆ چەوساندنەوەی ژنان لە ئێراندا زیادی کردووە و چالاکوانانی مەدەنی دەستبەسەر دەکرێن.

 

 سورەیا قەیتەران و دوو براکەی لە پیرانشار دەستبەسەر کراون

ڕۆژی ٢٦ حوزەیران، هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادگا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی سورەیا قەیتەران و دەستگیریان کرد.

 

هەروەها براکانی سورەیا قەیتەران بە ناوەکانی عەبدول ڕەحمان و سەدرەدین، لە ٢١ی حوزەیران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێ بڕیاری دادگا دەستگیرکراون.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا ئەم ساتە هیچ هەواڵێک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنیان و شوێنی دەستبەسەرکردنیان و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، نییە.