لەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستی لوبنان ٦١ ژن و منداڵ لە لوبنان کوژراون

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەیشتە ٣٨٠ کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ١٢ی ئایار ڕایگەیاند، لە ١٧ی نیسانەوە ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل، بە لانیکەم ٣٨٠ کەس لە لوبنان کوژراون کە ٢٢یان منداڵن.

 

وەزارەتی تەندروستی لوبنان کوژرانی ٣٨٠ کەسی پشتڕاستکردەوە کە ٢٢ منداڵ و ٣٩ ژنن، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش کۆی ژمارەی کوژراوان دەکاتە نزیکەی ٢٩٠٠ کەس لە سەرەتای شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە ٢ی ئادارەوە.

 

سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی کە لە ١٧ی نیسانەوە دەستی پێکردووە، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی کوشندە و بۆردوومانکردن و ڕووخاندنی ماڵەکان لە شارە سنوورییەکان، حزبوڵا وەڵامی دایەوە و هێزەکانی ئیسرائیلی کردە ئامانج کە بەشێک لە باشووری لوبنانیان داگیرکردووە بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.