"لەدەستدانی هەڤرین خەلەف، زیانێکی گەورەیە بۆ هەموو سووریا"

سەما بەگداش، وتەبێژی نوسینگەی دیپلۆماسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە"و هاوڕێی هەڤرین خەلەف، وتی کوردان و سووریا سیاسەتمەدارێکی بەهێز و گەورەیان لەدەست داوە، هەروەها جەختی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی خەباتێکی دیپلۆماسی و سیاسیی ژنانی سووریا کردەوە.

سۆرگول شێخۆ

 

قامشلۆ- هەڤرین خەلەف، سیاسەتمەدار و ئەندازیاری کورد پێش ئەوەی ببێتە بەشێک لە کاروانی نەمران، دوا ئەرکی ئەو سکرتێری گشتیی پارتی سووریای پێشەنگ بوو. ئەو لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، لە کاتی هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێکانیێ و گرێ سپی، لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتیی M4 بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا لە ئێستادا، ئەو کەسانەی هەڤرینیان  شەهید کرد، واتە بەرپرسان و چەکدارانی ئەحرارە شەرقیە، ئەرک و پۆستی گرنگیان لە سوپای نوێی سووریا وەرگرتووە.

 

سەما بەگداش، وتەبێژی نووسینگەی دیپلۆماسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە" و هاوڕێی هەڤرین خەلەف، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، باسی هاوڕێیەتی، کەسایەتی و ژیانی هەڤرین خەلەفی کرد.

 

هاوڕێیەتییان لەگەڵ دامەزراندنی بەڕێوەبردنی خۆسەری دەستی پێکرد

سەما بە خۆشەویستی و سوپاسەوە یادی هەڤرینی کردەوە و سەرەخۆشی لە هاوڕێیان، خێزان و ئەو خەڵکەی گوت کە خۆشیان دەویست، پاشان وتی: لە ساتەکانی دامەزراندنی بەڕێوەبردنی خۆسەریدا هەڤرینم ناسی. لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و سەختدا یەکترمان ناسی. لە ساڵی ٢٠١٤دا، خولیەکی ڕاهێنانی خۆسەری جارێکی دیکە ئێمەی گەیاندەوە یەکتر و لەوێدا ناسینم بۆ هەڤرین قووڵتر بووەوە، هەڤرین ژنێک بوو کە لە هەموو لایەنە پیشەیی، ژیانی، زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا خۆی پێگەیاندبوو و زۆر تێگەیشتوو بوو. بەردەوام خۆی نوێ دەکردەوە، هاوڕێیەکی چالاک بوو و هەمیشە بیر و بۆچوونی جیاوازی هەبوو. هەڤرین دەتوانی مۆرەکەی لە مێژووی شۆڕشی ڕۆژئاوا و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا، کە ئامانجی برایەتیی نەتەوەکانە، جێبهێڵێت. چونکە ژنێکی بەرز و بەڕێز بوو و هیچ شتێکی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی نەدەویست؛ هەموو هەوڵەکانی بۆ خەڵکەکەی بوو.

 

لەدەستدانی هەڤرین، زیانێکی گەورە بوو بۆ هەموو سووریا

سەما ئاماژەی بەوە کرد کە هەڤرین کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆیی بوو و وتی: بەهۆی شەهیدبوونی هەڤرینەوە، هاوڕێیەکی بەو ڕادەیە گەورە و کاریگەرمان لەدەست دا. لەدەستدانی ئەو زیانێکی گەورە بوو، نەک تەنها بۆ ئێمە و شۆڕشی ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ هەموو سووریاش، هەڤرین گەنجترین سیاسەتمەداری سووریا بوو کە پێشەنگایەتیی پارتی سووریای پێشەنگی لە ناوچە ئازادکراوەکان وەک ڕەققە و تەبقا دەکرد. لەو ناوچانەی تازە لە دەستی داعش ئازاد کرابوون، هەڤرین پێشەنگایەتیی بیرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیک، دیالۆگ و ئاشتیی دەکرد، هەڤرین هەر شوێنێک بووبێت، دوای ڕۆیشتنی خۆی مێژوویەک و شوێنەوارێکی بەجێدەهێشت، چونکە خاوەنی پڕۆژەیەک بوو کە بۆ هەموو سووریا بوو، نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا. ئەو بە زمانی کوردی، عەرەبی، چرکەسی و سریانی قسەی دەکرد. خۆزگە ئەمڕۆ، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا، هەڤرین لەگەڵماندا بووایە.

 

ژنانی سووریا دەبێت هەڤرین بکەنە نموونە و سیاسەت بکەن

سەما ئاماژەی بە کوژەرانی هەڤرین کرد و وتی: سەرەڕای ئەوەی جووڵەیەکی دیپلۆماسیی زۆر گەورە بۆ دادگاییکردنیان ئەنجام دراوە، تا ئێستا نەهاتوونەتە دادگا؛ بە پێچەوانەوە، پۆست و ئەرکی گەورەیان لە سوپای نوێی سووریا وەرگرتووە، لە جیاتی ئەوەی دادگایی بکرێن، ئەرکی گەورەیان لە سوپای نوێی سووریا وەرگرتووە. بۆیە پێویستە ژنانی سووریا هێز لە هەڤرین وەربگرن و ئەویش بکەنە نموونەی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر نکۆڵیکردن لە ژناندا سیاسەت بکەن.

 

دۆخی سووریا گۆڕاوە، بەڵام پڕۆژەیەک کە هەڤرین پێشەنگایەتیی دەکرد چی بوو؟

سەما ئاماژەی بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا کرد و دەربارەی پڕۆژەکەی هەڤرین وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە؛ پڕۆژەیەک کە ڕێگە بە هەموو گەلان، نەتەوەکان، ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان دەدات پێکەوە بژین و کێشەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن، زۆر هێزی داگیرکەر و نەتەوەپەرست نایانەوێت خەڵک بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە بژین. ئەمە شەڕێکی ئەمڕۆ نییە؛ لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ و پێش ئەویشەوە، هێزەکان ژیانی کۆمەڵگا کردووەتە ئامانجی پلانەکانی خۆیان. بەڵام لە درێژایی مێژووشدا، هێڵی بەرخۆدان و خەبات هەمیشە هەبووە؛ لە بەرامبەر هێڵی دەسەڵاتداریدا، هێڵی دیموکراسیش هەبووە و هەروا بەردەوامە، بۆیە ئەو هێرشەی لە ڕۆژئاوا کرایە سەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، لەو هۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەرەتادا هێرشیان کردە سەر پەیکەرەکانی ژنان، قژی شەڕڤانانیان بڕی و هەوڵیان دا شەڕی نێوان کورد و عەرەب دروست بکەن؛ ئەم هەوڵانەیان تا ئێستاش بەردەوامە، ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریای فرەئایین، فرەنەتەوە، فرەزمان و فرەکەلتووردا ڕوویان داوە، ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە جگە لە ژیانی هاوبەش و ئاشتییانە، هیچ چارەسەرێکی دیکە بوونی نییە.

 

بەشداریی سیاسیی ژنان لە سووریا لە مەترسیدایە

سەما ئاماژەی بە پرۆسەکانی ئاشتی کرد کە تێیاندا ژنان دەستکەوتەکانیان لەدەست داوە و مەترسییەکانی بەردەم دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ژنانی ڕۆژئاواشی بیرخستەوە. ئەو وتی: دوای شەڕەکان و لەسەر مێزەکانی دیالۆگ و ئاشتی، دەستکەوت و ڕۆڵی ژنان پشتگوێ دەخرێت. بۆیە ژنان لە مێژوودا هەمیشە زەرەرمەند بوون، چونکە دەستوور مافەکانیانی گەرەنتی نەکردووە و سیاسەتیش هەمیشە ڕۆڵی لێیان سەندووەتەوە، ئێمە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا لە مەترسیداین، چونکە دەسەڵاتی ئێستا بە هۆشیارییەکی پیاوسالارانەوە مامەڵە دەکات و ژنان وەک بوونێکی سەربەخۆ و پێشەنگ نابینێت، ژنان لە ڕۆژئاوا پێشەنگایەتیی پڕۆژەی دیموکراتیکیان کردووە. ئەوان تەنها داوای مافی دەنگدان و هەڵبژاردنیان نەکردووە، بەڵکو پێشەنگایەتیی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێشیان کردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوو ساڵ لە قۆناغی نوێی سووریا، مەترسییەکی گەورە بەردەم بەشداریی ژنان لە هەموو بوارە دەستووری، یاسایی، پەرلەمانی، ژیانی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بوارەکانی دیکەدا هەیە.

 

بنەما، بیرۆکە و ئەزموون هەیە، بەڵام پێویستە ژنانی سووریا هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت

سەما جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی هەڵوێستی ژنانی سووریا کردەوە و وتی: پێویستە خەباتێکی دیپلۆماسی و سیاسی بکەین، بۆ ئەوەی مافەکانی خۆمان لە داهاتوودا بەدەست بهێنین و هەروەها مافەکانی ژنان لە دەستووردا گەرەنتی بکەین، ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی وەک ڕواندا، سیبێریا و کۆلۆمبیاش هەن؛ لەو وڵاتانەدا ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنان لە ٥٠٪ تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ٦٤٪. ئەمە ئەنجامی خەباتی ژنانە کە لە مێژوودا دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە، لە ڕۆژئاوا، بنەما و بیرۆکە و ئەزموونی خۆمان هەیە و پشت بە زانستی ژنان، واتە ژنەئۆلۆژی، دەبەستین؛ ئەمەش دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە ئاستی سووریا داواکاری و دەنگی خۆمان یەک بخەین، بەم شێوەیە دەتوانین مافەکانی ئەو ژنانە دڵنیابکەین کە لە سەرەتای شۆڕشەوە بەشدارییان کردووە و قوربانیی گەورەیان داوە، بۆ ئەوەی ژنان بە ئیرادە و ناسنامە و مێژووی خۆیان، ڕێگای داهاتووی خۆیان دیاری بکەن. بۆیە پێویستە بە گرنگییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت.

 

هەڤرین بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی خستە سەر شانی هاوڕێکانی

سەما جارێکی دیکە بەڵێنی بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای هەڤرین خەلەفی نوێ کردەوە و بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:

هەڤرین بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی خستە سەر شانی هاوڕێکانی. پێویستە ئەو ڕێگایە بەردەوام بکەین کە هەڤرین پێی باوەڕی هەبوو؛ ڕێگای هیوای، پڕۆژە، دیموکراسی، ئازادیی ژنان، ئاشتی و ئارامی، ئێمە کورد و سووریا سیاسەتوانێکی گەورەمان لەدەست داوە، بەڵام ئەمڕۆ هاوڕێکانی هەڤرین هەن. ئێمە ئەمڕۆ بەڵێن دەدەین ڕێگای هەڤرین، ڕیحان، ژیان و هەموو ئەو ژنانە بەردەوام بکەین کە لە پێناو ئەم دۆزەدا خەباتیان کردووە و گەیشتوونەتە ئاستی شەهادەت.