لە زیندانی ئیڤین حەوت ژن سزا دران
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، حەوت زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی ئیڤین بۆ سێ هەفتە سزا دران، هاوکات ئەو ژنانە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەردەوامبوون لە هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەربارەی سزادانی زیندانیانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: حەوت زیندانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین بەناوەکانی زەهرا سەفایی، فەرووغ تەقیپوور، مەرزییە فارسی، ئیلاهە فوولادی، ئەرخەوان فەلاحی، شیوا ئیسماعیلی و گوڵرۆخ ئیرایی بەهۆی وتنی سروود و درووشم دژی سێدارە، بۆ ماوەی سێ هەفتە لە چاوپێککەوتنی بنەماڵەکانیان و پەیوەندیکردن بێبەش کران.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە زیندانیانە پێشترهەڕەشەی گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی لێکرابوو، بەڵام ئەوان پێداگرن لەسەر بەردەوامیی مانگرتنەکانیان لە ڕۆژانی سێشەممەدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن پابەند بن بە چاودێریکردنی دۆخی زیندانیانی سیاسی، بەتایبەت کە لە دوای دەسپێکی شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، کە فشارە ئەمنییەکان لە ناو زیندانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دا کە ئەم جۆرە سزایانە پێشێلکاریی ڕوونی ماددەکانی پێنج و ١٩ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤەو بەکارهێنانی کەشوهەوای شەڕ بۆ سەرکوتکردنی زیاتری دەنگە ناڕازییەکانی ناو زیندان، دۆخەکە بەرەو وێرانییەکی مرۆیی زیاتر دەبات.