لە ڕۆژی ژینگە هەڵمەتی پاککردنەوە لە هەڵەبجە ئەنجامدرا
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، هەڵمەتێکی پاککردنەوە بۆ ژینگەی سەیرانگەکانی هەڵەبجە ئەنجام دراو نەمام چێندرا.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە ١٦ی نیسان، ڕۆژی ژینگەی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەو ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان، هەڵمەتێکی پاککردنەوەیان بۆ سەیرانگەی جەلیلە ئەنجام دا.
لەو بارەیەوە هێرۆ وەکیل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێ وتی: بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستانەوە هەڵماتمان کردووە، بەداخەوە خەڵک هۆشیار نییەو ئەو کەسانەی دێنە ئێرە پێویستە خۆل و خاشاک هەڵبگرن و بیبەنەوە لەگەڵ خۆیان، ئەم هەسارەیە ماڵی هەموومانەو پێویستە پاک ڕابگرین و هیوادارین ساڵانەو مانگانە چالاکیمان هەبێت، هەڵمەتی هۆشیاری رابگەیەنین و بتوانین بۆ ساتێکیش بێت ئەم هەسارەیە بپارێزین.
هەڵمەتەکە سەیرانگەی جەلیلەو گوڵانی گرتەوەو هەروەها چەند شەقامێک لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەوە بە نەمام چاندن سەوز کرا.