لە زانکۆی سلێمانی پانێڵێک سەبارەت بە توندوتیژی ئەلکترۆنی ئەنجامدرا

لە درێژەی کارو چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک کە لە ڕووی یاساییەوە باسی لە توندوتیژی و ڕێکارە یاساییەکان دەکرد، بۆ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ڕێکخرا.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی سیمینارەکانی کۆلێژی یاسا، لە زانکۆی سلێمانی، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک کە لە ڕووی یاساییەوە باسی لە توندوتیژی و ڕێکارە یاساییەکان دەکرد، بۆ هەریەکە لە سەیران تەها ئەحمەد، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی، مستەفا ڕەسوڵ حسێن، پانێڵست، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا.

 

''بەشداری ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا لە ڕێگەی سیستماتیکەوە لاوازکراوە''

سەیران تەها ئەحمەد، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی، باسی لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی کرد، وتی: ژنان لە یاساکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها بەهۆی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە ناتوانن بچنە بەشی سیاسی یان ببنە ئەندام پەرلەمان، چونکە ڕووبەڕووی هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی وێنە و توندوتیژی دەبنەوە، کە ئەمەش وادەکات خۆیان و منداڵەکانیان بکەونە ژێر کاریگەری هەڕەشەی دیجیتاڵیەوە، هەروەها کەسایەتی ژنانی سیاسی دەشکێن، بۆیە  عونفی سیاسی پاشەکشەی ژنان لە سیاسەتدا دروست دەکات، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین کە هەمووی مینڕێژکراوە بۆ ژنان.

 

وتیشی: ژنان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیانەوە ناتوانن دەنگ هەڵببڕن، چونکە لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دیجیتاڵی دەبنەوە، لە یاساشدا ئەوکەسانەی کە بە توندوتیژی دیجیتاڵی هەڵدەستن، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، بەڵام لەڕێگەی دیاریکردنی بڕە پارەیەک ''غەرامە'' کەیسەکەیان کۆتایی پێدێت، بەڵام کەسایەتی ئەو ژنە دووبارە ناگەڕێتەوە و ڕووبەڕووی شکاندنی شکۆی دەبێتەوە، بۆیە بەشێکی زۆری ژنان پاشەکشە لە بەشە یاساییەکان دەکەن، هەربۆیە بەشداری ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا لە ڕێگەی سیستماتیکەوە لاوازکراوە.

 

''لە ساڵی ڕابردوودا لە عێراق زیاتر لە ۱۸٠ کەیسی کوشتنی ژنان بەهۆی توندوتیژی ئەلکترۆنییەوە تۆمارکراوە''

مستەفا ڕەسوڵ حسێن، پانێڵست، ئاماژەی بە توندوتیژی دژی ژنان وەک لەمپەرێک لەبەردەم برەودان بە گەشەپێدانی بەردەوام کرد، وتی: پێویستە بە هەردوو ڕەگەز هەوڵی گەشەپێدان بدرێت، گەشەپێدان لە تەکنەلۆژیادا گرفت بۆ ژنان دروستدەکات، ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات، لە سێ ژندا یەک ژنیان ڕووبەڕووی توندوتیژی ئەلکترۆنی دەبێتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا لە عێراق زیاتر لە ۱۸٠ کەیسی کوشتنی ژنان بەهۆی توندوتیژی ئەلکترۆنییەوە تۆمارکراوە، هەروەها شێوازێکی دیکەی توندوتیژی دروستکردنی ئەکاونتە بە وێنەی ژنێک بەبێ ئاگابوونی خۆی، بۆیە لە ڕێگەی ئەلکترۆنییەوە گێچەڵ و توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی سێکسییش ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و ناچار بەخۆکوشتن دەکاتەوە.

 

لە کۆتاییشدا وتی: ڕۆڵی یاسا لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو توندوتیژیە دیجیتاڵیانەی کە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، یاسای ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئەلکترۆنیمان هەیە لە عێراقدا، کە لە ۱٤ مادەدا کورتکراوەتەوە، کە لە ملیۆنێک دیناری عێراقی تا پێنج ملیۆن دیناری عێراقی سزادانی تاوانباری تێدایە، بەڵام لە کاتێکدا ژنێک کە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە یان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبێتەوە، پێویستە یاساکان سزای زیاتر دابین بکەن بۆ ئەو تاوانە.

 

''بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خوێندکاران ئەم پانێڵەمان ئەنجامدا''

سەیران تەها ئەحمەد، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی، وتی: بەبۆنەی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێکمان ئەنجامدا، کە تێیدا باس لە توندوتیژییە ئەلکترۆنییەکان و سزاکانی کرا، هەروەها باسمان لەو توندوتیژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کرد کە ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، کە وا لە ژنان دەکات لە کارە سیاسییەکان بکشێنەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خوێندکاران ئەم پانێڵەمان ئەنجامدا، تاوەکو بتوانن هۆشیاربن لە یاساکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژیەکاندا، چونکە ئەوان نەوەی داهاتوون لە کارکردنیاندا پێویستیان بەم هۆشیارانە دەبێت، هەروەها پێویستە ئەم جۆرە پانێڵانە ناو بەشەکانی دیکەی زانکۆ بگرێتەوە، ئێمە هەموو ساڵێک داوا دەکەین ئەم توندوتیژیانە و جۆرەکانی و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی بکرێتە وانەیەک لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا بوترێتەوە، تا وەکو نەوەی داهاتوو هۆشیاری بارودۆخی ژنان و توندوتیژییەکان و چارەسەرییەکانیبن.