لە ئەوروپا چالاکییەکان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت
لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە وڵاتانی ئەوروپا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، تۆڕی دژە جینۆسایدی ژنان (نێتزوێرک گیگن فێمینیست) لە گۆڕەپانی نێتتێلبیکپلاتز کەپێی دەوترێت "مەیدانی بەرخۆدان" گردبوونەوە و بەیاننامەیەک خوێندەوە تێیدا ئاماژەیان بەوەدا ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەسەر ژناندا دێت تاکە کەسی نییە بەڵکوو پلانێکی سیاسییە.
هەروەها ژنانی دۆسلدۆرف، کۆڵن، ووپێرتال، مونستەر، ئیسن، دۆرتمۆند، لیڤەرکوزن و بۆن لە ئەڵمانیا، لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، چالاکییەکی فرە ڕەنگییان ڕێکخست.
لە گردبوونەوەکەدا، ئایتن کاپڵان، وتەبێژی یەکێتی ژنانی کورد-ئەوروپا، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمەی ژنان تەنها لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ناچینە سەر شەقام، چونکە ئێمە هەمیشە توندوتیژیمان لەسەرە، بۆیە بەردەوام لە مەیداندا دەبین، ئێمە دەبینین توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە، ئەمانە توندوتیژی تاک یان خێزان نییە، کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بگۆڕین".
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە پێشەنگایەتی ٦٠ ڕێکخراوی ژنان و بە بەشداری ڕێکخستنەکانی ژنانی کورد، ژنان ڕژانە شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی دۆخی ئێستای جیهان و ئیدارەی ئەو وڵاتە دەربڕی، ئاماژەیان بەوەدا کە حکومەتی فەرەنسا لە شارە جیاوازەکان پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بۆ ڕێگری توندوتیژی دژ بە ژنان بگرێتەبەر.
لە لەندەنی وڵاتی بەریتانیا، دەستپێشخەری ژنانی کورد، لە بەردەم نوسینگەی پۆستی هەرینگی کۆبوونەوە نامەی "پشتیوانی"یان بۆ ئەو ژنانەی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دەستگیرکراون، نارد، لە بەیاننامەیەکیشدا کە لەلایەن بەسیمە باسار، وتەبێژی دەستپێشخەرییەکە خوێندرایەوە ئاماژەی بە هێڵی بەرخۆدان و ئازادی تێکۆشانی ژنانی ئازادی بزووتنەوەی ژنانی کورد کرد لە ڕۆزاوە تا بسی و زیلان کرد.
چالاکییەکان لە جیهاندا بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ٢٥ی تشرینی دووەم، دەستیپێکردووە و ژنان دژی توندوتیژی، کوشتن و خۆکوشتن، بەشودانی کچانی منداڵ و ...هتد ناڕەزایەتی و تێکۆشانیان بەگوڕ کردووە و داوای چاککردنی دۆخی ژنان دەکەن لە جیهاندا، ژنانی کوردیش پێشەنگایەتی زۆرینەی ناڕەزایەتییەکان دەکەن.
ت.پ