لە ئێران دوو دەرهێنەری سینەمایی سزای زیندانیی کردنیان بەسەردا سەپێندرا
دوو دەرهێنەری سینەمایی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە بە زیندانیی کردن و پێبژاردن سزا دران، دەشڵێن: هەر دوو دەرهێنەرەکە بە تۆمەتی “سەرقاڵبوون بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی ناشایستە” سزا دراون.

ناوەندی هەواڵ
لە ڕاگەیەندراوی ئەم هەفتەیەیی ‘دادگای شۆڕش’ لە ئێران ڕاگەیاندرا، هەردوو دەرهێنەری فیلمی (My Favourite Cake) مەریەم موغەدەم و بەهتاش سەنایحە سزایان بەسەردا سەپێندرا.
ئەو دوو دەرهێنەرە سینەماییە بە ناوەکانی مەریەم موغەدەم و بەهتاش سەنایحە لە لایەن دادگای شۆڕش بە ١٤ مانگ سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ ڕاگرتنی کارەکانیان، هەروەها دادگا بریاری دا دەست بەسەر هەموو ئەو کەلوپەلە تەکنیکییانەدا بگرێت، کە تیمی فیلەمەکە بەکاریان هێناوە.
بەپێی بڕیاری دادگا ئەو سزایانە دوای پێنج ساڵ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر دوو دەرهێنەرەکە بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی درۆ بۆ هاندانی ڕای گشتی و سەرقاڵبوون بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی ناشایستە” سزا دراون.
مەریەم موغەدەم سەرەتای ئەمساڵ لە لێدوانێکییدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێنس وتبووی: فیلمەکەمان باسی چیرۆکی ژیانی ڕاستەقینەی ژنێک دەکات کە گۆرانی دەڵێت و سەما دەکات، لە ماڵەوە لەچک ناکات، ویستمان لە نیشاندانی ئەو جۆرە ژیانە بوو لە ئێران.