لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ٨٠ هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە کوژران

لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی و پەرەسەندنی بەردەوام، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززەیان بۆردوومان کرد، تیشکیان خستەسەر شاری خان یونس و زیاتر لە ٨٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو هەلومەرجە مرۆییە کارەساتبارانەی کە دانیشتوانی غەززە بەرگەییان گرتووە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەردەوامە لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆساید و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، کە بەردەوامیدانیان مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی غەززە هەیە.

 

ڕۆژی ١٥ی ئایار، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کە لانیکەم ٨ ماڵیان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە کردە ئامانج، ٨٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە ژن و منداڵیان تێدایە. بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان لە غەززە، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارۆچکەی بەنی سوهەیلا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە، کەسانی دیکەش برینداربوون.

 

لە باکووری کەرتی غەززە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارۆچکەی جەبەلیە، حەوت کەس کوژران. لە ئەنجامی تۆپبارانی باڵەخانەیەکی شوقە لە گەڕەکی نەسر لە شاری غەززە چوار کەسی دیکە کوژران. هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ماڵە نیشتەجێبووەکان و کامپەکانی پەنابەران، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە لەکاتێکدا وێرانکارییەکی بەرفراوانە بۆ ژێرخان و موڵکی مەدەنی.

 

لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانەکان، ژمارەی کوژراوانی شەڕی قڕکردن کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، بۆ ٥٢ هەزار و ٩٢٨ کوژراو و ١١٩ هەزار و ٨٤٦ بریندار بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی خوێناوی یەک لە دوای یەکیان لە کەرتی غەززە ئەنجامدا.

 

لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بارودۆخی سەختەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییە پێویستەکان، ئەمەش یاوانبارکردنی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتەوە، کە بە جۆرێک لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ دەزانن.

 

دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "ئونروا" ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە نزیکەی لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی غەززە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆریان زیاتر لە دە جار ئاوارەبوون.