"لە ئاگرەکەدا ٩٢٤ ئاژەڵ گیانیان لەدەستداوە و ١٤ هەزار و ٩٠٠ هێکتار زەوی سووتاون"

وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئامەد و ماردین ٩٢٤ ماڵات گیانیان لەدەستداوە و ڕووبەری ١٤ هەزار و ٩٠٠ هێکتار زەوی سووتاون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی سەرەتایی داواکاری گشتی، لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی جووتیاران لە ئاگرەکەی نێوان ئامەد و ماردین کە بەهۆی وایەری کارەباوە بووە، تەواو بووە.

 

 ٩٢٤ ئاژەڵ گیانیان لەدەستداوە

 ئیبراهیم یومەکلی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆیدا ڕایگەیاندووە، کاری دیاریکردنی زەرەرو زیانەکانی جووتیارانمان تەواو بووە، لە گوندەکانی تۆبینی، باخجیک، هەربەری، بۆتیکان، ٧ هەزار و ٩٠٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی سووتاوە، لەم ڕووبەرەدا ٦ هەزارو ٧٨٩ هێکتار پەرێزەو ڕووبەرێکی گەورەیە، هەزار و ١١١ هێکتار کێڵگەی گەنمن کە تا ئێستا دروێنە نەکراون، هەروەها تراکتۆرێک و ١٤ ئامێری ئاودێری سووتاون، لە گوندی تۆبینی، ٩٢٤ ئاژەڵ گیانیان لەدەستداوە، ٨٣ مەڕ کە بە سەختی بریندار بوون ڕەوانەی دامەزراوەی گۆشت و شیر کران بۆ سەربڕین، ئەو دامەزراوەیەی پێشتر باسمان کرد پارەی ئەو ئاژەڵانە دەداتە خاوەنەکانیان، لە گوندەکەدا چارەسەری ١٩٠ ئاژەڵ کراوە.

 

لە گوندەکانی کەلەک، دەرین و لە کێڵگەی کەلەک دیاری کرا کە ٧ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی سووتاوە. لەو ژمارەیەش چوار هەزار هێکتارئەو کێڵگانەن کە گەنمیان لێ دروێنە نەکراوە، هەروەها سێ هەزار هێکتار پەرێز بووە،  هەروەها ئامێری ئاودێری جوتیارەکان زیانی بەرکەوتووە، تیمەکان هیچ زیانێکی ئاژەڵانیان لەم گوندانەی شەمرەخ دەستنیشان نەکردووە، ئیدارەی شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی جوتیارەکان کە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەکەن.