لە تاوانێکدا لە دربەسی سێ کەس گیانیان لەدەستدا

لە دربەسی ڕۆژئاوا تاوانێکی ترسناک ڕوویداو لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیش بریندار بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەیان لە شاری دربەسی ڕۆژئاوا دەستپێکرد، ئەوەش دوای کۆمەڵکوژییەکی ترسناکی بنەماڵەیی کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و منداڵێکیش بریندار بوو، ئامانجی لێکۆڵینەوەکە ئاشکراکردنی بارودۆخ و پاڵنەرە نادیارەکانی پشت ئەو کارەساتەیە.

 

شاری دربەسی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ٢٨ی تشرینی یەکەمدا شاهیدی کۆمەڵکوژییەکی ترسناکی خێزانی بوو کە لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و منداڵێک بریندار بوو، پێش ئەوەی تاوانبارەکە ژیانی خۆی ببات.

 

بەپێی وردەکارییەکان، کەسێک بەناوی جوان محەمەد ئەمیمین ڕاستەوخۆ تەقەی لە ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و بەهۆیەوە دایکی بەناوی عەزیزە و براکەی بەناوی ئاکید و یەکێک لە خوشکەزاکانی گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی دیکەش برینداربووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 

دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی له دژی خێزانەکەی، دەستبەجێ تاوانبارەکه کۆتای بە گیانی خۆی هێنا له شوێنی ڕووداوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ ئاگادارکردنەوەیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی بەرفراوان کرد بۆ دیاریکردنی بارودۆخ و پاڵنەرەکانی پشت کارەساتەکە.