لە سلێمانی ٥٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا
لەساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ڕێکخراوی شار بۆگەشەپێدانی مرۆیی خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشیە ٥٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار.

سلێمانی
لە ٢٢ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، لەهۆتێڵ هایکریست لەسلێمانی، ڕێکخراوی شار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لە مەراسیمێکی تایبەتدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ٥٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیەندنکار، هەردوو ڕۆژنامەنوسی ڕاگەیاندنی ئازاد (ژینا ئیسماعیل و زانا مستەفا لە کۆمپانیای چەتر) یەکێک بوون لەو ٥٤ ڕۆژنامەنووسەی کە خەڵات کران، هەروەها چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجامدرا.
دانا جەمال، سەرۆکی ڕێکخراوی شار وتاری بەخێرهاتنی خوێندەوەو وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوی شار خۆشحاڵین بە ئامادەبوونی هەموو ڕاگەیەندنکاران، پیرۆزبێت ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک لای هەمووان ڕوونە ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە، لەناو کۆمەڵگەدا گرنگیەکی زۆری هەیە لەهۆشیارکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری درووست، بەخۆشحاڵیەوە لە هەرێمی کوردستان چەندین کەناڵی بیندراو، بیستراو، نوسراومان هەیە، کەساڵانێکی زۆرە بەردەوام لەئەرکدان بۆ خزمەتیکردنی زیاتری ئەم هەرێمە و گەیاندنی کێشە و کەم و کورتیەکانی کۆمەڵگە بەلایەنی پەیوەندیدار،
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتی: پیرۆزبای خۆمان ئاڕاستەی ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندندکاران دەکەین، ئەمڕۆژە دەرفەتە بۆ بەدواداچوونەوەی خۆمان چونکە ئەم پیشەیە قورسە لەبەرئەوەی ووشە کاریگەرترە لە پارە، بۆئەوەی بتوانین ڕاست و درووست ڕووداوەکان بۆ خەڵک بگەیەنین، چونکە هەواڵی ناڕاست ئارامی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، بۆیە ئەمڕۆژە گرنگە، بەداخەوە لەکوردستانی ئێمە ئەم چەند ساڵە کاریگەری ووشە زۆۆر کەمە، بۆیە دەبێت ئەم یادە ووتارەکان یەک بخات، ئێمە دادوەرنین، ڕۆژنامەنووس نابێت دەسکاری ڕووداوەکان بکات، بەڵکو دەبێت دەربڕی ڕاستیەکانی کۆمەڵگەبێت، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەیەکی ناسەقامگیر شەری لێدرووست دەبێت.