لە شنگال ژیان بۆ پێنج خولەک وەستا
لە ساڵیادی ۳ی ئابی ۲۰۱٤دا، بۆیادکردنەوە و ڕێزلێنان لە شەهیدانی فەرمانەکە، لە پەیکەری یادگاریی شەهیدان لە سۆلاخ ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. لە کاتژمێر ۱۰ی بەیانیشدا لە سەرانسەری شنگال بۆ ماوەی پێنج خولەک بێدەنگی و ڕێزگرتن ڕاگەیەندرا
شنگال
ئەمڕۆ کاتژمێر ۱۰ی بەیانی، لە گوندی سۆلاخی سەر بە شنگال و لە مۆنۆمێنتی شەهیدان، یادکراوانی فەرمانەکە بە خولەکێک بێدەنگی و داگیرساندنی مۆم بەبیر هێنرانەوە. لە یادەکەدا سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوەکانی شنگال ، شاندەکانی هاتوو لە عێراق و باشووری کوردستان، کەسایەتییە ئایینی و ڕووسپییەکانی ئێزدی و سەکردە سیاسییەکان ئامادە بوون. ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد و بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەف و شباڵ لێدرا و قەول تێکستی ئایینیی ئێزدی خویندرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سامیا شنگالی کە چالاکوانێکی مافەکانی ئێزدییەکانە، ئاخاوت. سامیا لە سەرەتای قسەکانیدا شەهیدانی فەرمانەکەی بەبیر هێنایەوە و گوتی: کاتێک داعش هێرشی کرد، ویستی تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی قڕکردن جینۆساید بکاتەوە. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، گەل و ژنان و کوڕانی ئێزدی گیانی خۆیان فیدای ئێزدییەتی کرد و نەیانهێشت داعش بگاتە ئامانجەکەی خۆی.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری نمایشکرا.
پەیوەندیدار بە یادی ۳ی ئابەوە، کاتژمێر ۱۰ی بەیانی لە تەواوی گوند و شارۆچکەکان و لە ناوەندی شنگالدا، بۆ ماوەی پێنج خولەک بێدەنگی سەراپایی ڕاگەیەندرا. موهـا هێلالی کە ژنێکی عەرەبە و لەگەڵ گرووپێک لە هاوڕێیانیدا هاتبووە شنگال، لە وتەیەکی کورتدا پشتیوانیی خۆی بۆ ژنانی ئێزدی دەربڕی. موها ڕایگەیاند: ئێمە بۆ دۆزی ئێزدییەکان لەێرەین. ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی. داوا دەکەین چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت و کێشەکانی شنگال چارەسەر بکرێن. ئێمە لەگەڵ دۆزی ئێزدییەکانداین و دەستمان دەخەینە ناو دەستیان.
چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر ۱۸:۰۰ی ئێوارە، لە ناوەندی شنگال و لە بەردەم ئهنجومهنی گهلهوه بۆ بازاڕی کۆن، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوە بچێت.
لە چوارچێوەی ۱۲یەمین ساڵیادی فەرمانی ۷٤دا، ماوەیەکە لە شنگال گەلێک چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن. لە ۲۳ی تەمووزدا لە بازاڕی کۆنی ناوەندی شنگال چادر هەڵدرا و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکرد. دوێنێش یەکێتیی گەنجانی ئێزدخان و ژنانی گەنجی ئێزدخان، بۆ یادکردنەوەی ۱۲ سوارەکە، لە مەزارگەی شەهید بەریخۆدان و دلگەشەوە بەرەو بازاڕی کۆن ڕێپێوانیان کرد. هەروەها کاتژمێر ۱۸:۰۰ی ئێوارە، لە باکوور و باشووری شنگال بە شێوەیەکی جەماوەری لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان یادی شەهیدان کرایەوە.