لە شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان نەورۆز پیرۆز دەکرێت
بۆ پیرۆز کردنی جەژنی نەورۆز لە شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان ئاگر دەکرێتەوەو هاوڵاتیان بە جل و بەرگی کوردییەوە بەشداری ئاهەنگەکان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ - گەرمیان
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان ئامادەکاری کراوە و هاوڵاتیان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک بۆ پیرۆزکردنی ئەم جەژنە بە جل و بەرگی نەتەوەیی کوردییەوە ڕویان لەو شوێنانە کردووە کە ئاهەنگیان لێ دەگێڕدرێت.
لە هەریەک لە کەرکوک و دەربەندیخان و هەڵەبجە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە ئاگر کراوەتەوە، لە ئیدارەی گەرمیانیش شارەوانی کەلار و ڕۆشنبیری گەرمیان و گەشت و گوزاری گەرمیان هەڵدەستن بەسازدانی ئێوارە ئاهەنگێک و کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای شێروانە.
ئاهەنگەکەی گەرمیان بە بەشداری هونەرمەندان عوسمان میروەیس و سەیوان غەمزەیی و زێنوێ لەگەڵ گرووپی میوزیکی لوڕ و گرووپی هەڵپەرکێ بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە دواساتەکانی ئاهەنگەکەدا ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای شێروانە بکرێتەوە.