لە عەربەت هێرشکرایە سەر مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و لەدژی ئەمە ڕۆنووس و میترۆ کاردانەوەیان نیشاندا

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە عەربەت، هەروەها ڕۆژنامەنووسانیشیان دەستبەسەر کردو دەستبەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا، ڕۆنووس و میترۆ کاردانەوەیان نیشانداو ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی رابردوو ٢٤ی شوبات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیانکردە سەر چادری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کە لەسەر ڕێگای عەربەت-سلێمانی  داندرابوو بەمەبستی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی تانکەرە نەوتی قاچاخ بۆ مەرزەکان و داواکردنی مافەکانیان کە سەرەتاییترینی موچەیە.

 

لە کاتی ڕووماڵی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازیدا لەسەر ڕێگای سلێمانی- عەربەت، هێزە ئەمنییەکان هێرش و پەلاماری توندیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدا و ئازاری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانیاندا و کەلوپەلەکانیانیان لێسەندن و کەرەستەی میدیایی بەشێک لە میدیاکانیشیان شکاند، لەمبارەیەوە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) و سەنتەری میترۆ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆنووس و میترۆ:

ئەمشەو جارێکی تر هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی لەکاتی ڕوماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایانی ناڕازیدا لەسەر رێگای سلێمانی عەربەت، هێرش و پەلاماری توندیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدا و ئازاری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان دا و کەل و پەلەکانیانیان لێسەندن و کەرەستەی میدیایی بەشێک لە میدیاکانیشیان شکاند.

 

پەلامار و هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان لە کاتێکدابوە کە ڕوماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان و هێرشی هێزە ئەمنیەکانیان کردوە کە کراوەتە سەر مامۆستایانی نێو خێمەی رێگری لە بارهەڵگرەکان کە ماوەی دوو ڕۆژە ڕێگەکەیان داخستوە.

 

ئێمە لە سەنتەری میترۆ و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ( ڕۆنووس) زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرش و پێشێلکاریە دەکەین و پێمان وایە ئەم کارەی هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی درێژکراوەی ڕێگری و هێرش و پەلامارەکانی دێگەڵەیە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێرەوە کرایە سەر مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان.

 

دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی زۆنی سەوز و سلێمانی بەرپرسی یەکەمە لە پاراستنی گیان و ژیانی ڕۆژنامەنووسان و ئەو پێشێلکاریەی کە کراوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بە ئاشکرا لە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکاندا دەردەکەوێت کە چۆن هەڵسوکەوت بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن کە تەنها سەرقاڵی کاری پیشەیی خۆیانن و ئەرکی ڕۆژنامەوانیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

 

داوا دەکەین لە دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە هەرچی زوە ئەو هێرشانەی سەر ڕۆژنامەنووسان ڕابگرێت و ئەو رۆژنامەنووسانەی کە ئازاردراون و بەشێکیان بریندارکراون بگەیەننەوە سلێمانی و چارەسەری خێرایان بۆ بکرێت و واز لەڕاوەدونانی ڕۆژنامەنووسان و تیمە میدیاییەکان بهێنرێت کە تا ئەم ساتەش بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕاودەنرێن بەرەو گەڕەک و کۆڵانەکانی شارۆچکەی عەربەت.

پاراستنی سەلامەتی و گیانی ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی خۆپیشاندەر لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەکانە.

سەنتەری میترۆ

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ – ڕۆنووس