لە مەڕاسیمی یادی ئەنفال لە چەمچەماڵ گرژی دروستبوو

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیاربوو مەراسیمێک بۆ یادی تاوانی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام خەڵکەکە ڕێگرییان کرد لە بەڕێوەچوونی مەڕاسیمەکەو داوا دەکەن خزمەتگوزاری پێشکەش بە شارۆچکەکە بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆ یادی ٣٤ ساڵەی شاڵاوی ئەنفال دەکرێتەوە کە تێیدا بە چەندین قۆناغ و لە چەندین ناوچەی باشوری کوردستان ١٨٢ هەزار کەس لەو تاوانەدا کۆمەڵکوژ کران، بڕیاربوو لە شارۆچکەی چەمچەماڵیش ئەو یادە بکرێتەوەو مەڕاسیمێک بەڕێوەبچێت، کاتێک کە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ویستی بەشداری مەڕاسیمەکە بێت و وتار بدات بەڵام بەهۆی خەمساردی لایەنی پەیوەندیدار لە بەرامبەر کەیسی تاوانی ئەنفال، لە لایەن خەڵکەوە ڕێگری لە وتاری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراو بەو هۆیەوە گرژی دروستبوو.

 

ئەو خەڵکەی ڕێگرییان کرد ئاماژەیان بەوەکرد کە دوای ٣٤ ساڵ لەو تاوانە هیچ بۆ شارۆچکەکە نەکراوەو داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان وەک خۆی ماوەتەوەو هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکراوە، وتیشیان: "کە بەرپرسان بە ئەنقەست سزای چەمچەماڵ دەدەن".

 

كەسوكاری ئەنفالكراوان حكومەتی هەرێم بە پشگوێخستنی ناوچەكەیان تۆمەتبار دەكەن و جەخت لەوە دەكەنەوە هیچ خزمەتێك لەو ناوچانە نەكراوە و داهاتەكەشی دەبرێت.


ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر چەندین ڕێكخراو و چالاكوانی تایبەت بە كاروباری ئەنفالكراوان جەختیان لەوە كردبووەوە، كە یادی ئەنفال بایكۆت دەكەن و گوێ لە وتاری بەرپرسان ناگرن و چەپڵەیان بۆ لێنادەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، بڕیاربوو پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە شاری سلێمانی، لە سەکۆی ئازادی بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفال، بە مەبەستی داواکاری بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەنفال چالاکیەک ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بیانووی نە بوونی مۆڵەت هێزە ئەمنیەکان ڕێگرییان لە ئەندامدانی ڕێکخەری ئەو چالاکییە کرد.