هاوڵاتیانی حەلەب لە دژی گەمارۆ ڕێپێوانیان کرد

هاوڵاتیان لە دژی گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕێپێوانیان ئەنجامدا و داوای لابردنی گەمارۆکەیان کرد.

حەلەب

 

ماوەیەکە ڕژێمی سوریا گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەبی گەمارۆداوە و تا دێت زیاتر گەمارۆکە چڕ دەکاتەوە و ڕێگە نادات پێداویستییە ژیانیەکانی وەک ئارد بچێتە ناو گەڕەکەکانەوە.

 

دانیشتوانی حەلەب بە دروشمی "نا بۆ گەمارۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە"، "نا بۆ سیاسەتی برسیکردن" و "بژی بەرخۆدانی خەڵکی ئازاد" بە بەشداری ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لایەنە سیاسییەکان ڕێپێوانێکیان لە بەردەم ژێرزەمینی یاسینەوە دەستیپێکرد و تا بەردەم بازگەی جەزیرە بەردەوام بوو، بە ناوی دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەوە، عەلی حەسەن وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەوەی کە نەیهێشت قەڵای حەلەب بکەوێت هاوڵاتیانی ئەو دوو گەڕەکە بوون، گەڕەکی شێخ مەقسود نمونەیەکە لە شەڕی شۆڕشگێڕانی خەڵک،  گەڕەکەکانمان چەندین ساڵە لەژێر گەمارۆدایە، بۆئەوەی حەلەب داگیرنەکرێن ئێمە شەهیدی زۆرمان داوە، ئێمە لەسەر ڕێگەی خۆمان بەردەوام دەبین.

 

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: بەو سیاسەتانە دەیانەوێت کۆتاییمان پێ بهێنن، بەڵام ئێمە ناگەڕێینەوە ئەگەر بمانەوێت پێویستیەکانمان بگەیەنینە ئەو گەڕانە بێگومان دەیکەین، بەڵام نامانەوێت بگاتە ئەو ئاستە چونکە ئێمە هەموومان هاوڵاتی سوریاین و  شەڕی ناوخۆمان ناوێت.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود" کۆتایی هات.

 


         

ت.پ