لە لازقییە بە بەشداری ژنانی گوندنشین ئەنجومەنی ژنانی سووریا دانیشتنێکی دیالۆگ ڕێکدەخات

بەشداربووانی دانیشتنی دیالۆگ کە لە لایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ناوچەی ڕاس ئەلبەسیت لە لازقیە ڕێکخرابوو، بۆچوونی هەمەچەشنیان لە بارەی گرنگی پاڵپشتیکردنی ژنان لە ناوچە کەنارییەکان خستەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی بەشدار لە دانیشتنی دیالۆگ کە لە لایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕێکخرابوو، جەختیان لە سەر پێویستی چالاک کردنی ڕۆڵی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان کردەوە لە ڕێی سازدانی دانیشتنی دیالۆگ و پێکهێنانی گرووپی کار بۆ گەیاندنی دەنگی خۆیان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و مافەکانیان.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ناوچەی ڕاس ئەلبەسیت لە لازقیە، دانیشتنێکی دیالۆگی لە ژێر ناوی "ئەو ئالەنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە گوندەکانی کەنار دەریاکانی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێم"، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ژنی گوندنشین کە نوێنەرایەتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەکەن، ڕێکخست.

 

لە دانیشتنەکەدا چەندین تەوەری سەرەکی خرایەڕوو، لەوانە ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان لە گوندەکان دەبنەوە دوای گۆڕینی ڕژێم لە سووریا، ئەو دەرفەتانەی کە لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدا بەردەستن، ئەمە جگە لەو چارەسەرانەی کە لەلایەن ژنانەوە پێشنیارکراون بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان و سەلماندنی ڕۆڵی کاریگەریان لە بونیادنانی سووریای نوێدا.

 

ژنان بۆچوون و پێشنیارەکانیان لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی ژنان لە ناوچەکانی ساحل خستەڕوو کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە ئابوورییە داڕوخاوانەی کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت بێدەنگن، ئەمەش جگە لە خراپی دۆخی ئەمنی، کە دۆخێکی گرژی و تیرۆری لە ناوچەکەدا دروستکرد، بووە هۆی ئەوەی ژنان بارگرانی و فشارەکانی دیکە هەڵبگرن.

 

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ژنان جەختیان لەسەر پێویستی چالاککردنی ڕۆڵی ژنان لە گوندەکان کردەوە لە ڕێگەی دانیشتنەکانی گفتوگۆ، پێکهێنانی گروپی کار بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان، هەروەها هۆشیاری یاسایی و مافەکان بۆ ژنانی گوندنشین.