وەبەرهێنانی بێ سنوور لە ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیان دەکرێت

ژیانی کرێکاران بە تایبەت ژنان و کۆچبەران و بێ بەڵگەنامەکان بۆ هەرزانترین نرخ کە دەتوانرێ بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی سیستەمی قازانجخواز و هەژموونگەرایی لە وڵاتانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کورت دەکرێتەوە.

شیلان سەقزی

 

ناوەندی هەواڵ-لە سیستەمی سیاسی و ئابووریی وەبەرهەمهێناندا، ژیانی کرێکار بۆ هەرزانترین کاڵای بەردەست کورت دەبێتەوە، بەتایبەتی کاتێک کرێکار ژن و کۆچبەر و بێ بەڵگەنامە بێت؟ مردنی کرێکاران تەنها "ڕووداو" نییە، بەڵکو دەرئەنجامی دڵنیای ئەو پێکهاتانەیە کە قازانجی سەرمایە بەسەر مافی بنەڕەتی ژیاندا لە پێشینە دادەنێن.

 

مەرگی بێدەنگی کرێکاران دیاردەیەک کە نەک هەر لە نەبوونی یاسا و چاودێرییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵکو لە دوورخستنەوەی بە ئەنقەستی کرێکاران لە یادەوەری یاسایی و سیاسی گەلان، ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر وێرانکردنی ڕەگ و ڕیشەی پێکهاتەیی، سیاسی و ئابووریی مردنی کرێکاران لە وڵاتانی دراوسێی ئێران، لە مردن لە شوێنی کاری ناپارێزراو و بێ بیمەییەکانەوە تا لەناوچوون لە ڕێگاکانی کۆچکردن، لە تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە کرێکاران یان لە ژێر بارودۆخی ژیانی نامرۆڤانەدا، ئامانجی شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان وەبەرهەمێنانی سیستماتیکی هێزی کار و نەبوونی پاراستنی یاسایی و ڕۆڵی حکومەتەکان و نێوەندگرەکان و بازاڕی کاری ناوچەیی و هەروەها کاریگەرییە قووڵە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم مردنە دڵتەزێنانە.

 

"مردنی کرێکاران درێژەپێدەری سیستەمێکی ناڕەوایە"

بەو پێیەی مردنی کرێکاران تەنها "ڕووداوی پیشەیی" نییە، بە دادپەروەرانە دەتوانرێت بوترێت ئەم دیاردەیە دەرئەنجامێکی پێکهاتەیی یەکگرتنی توندوتیژی ئابووری و نادادپەروەری یاسایی و بێدەنگی سیاسییە، لە وڵاتانی دراوسێی ئێران، وەک تورکیا، عێراق، ئەفغانستان و دەوڵەتانی کەنداو، کرێکاران و بەتایبەت کۆچبەران و گروپە پەراوێزخراوەکان لە هەلومەرجی کارێکی نامرۆڤانەدا دەقۆزرێنەوە، کەمی موچە، نەبوونی پێوەری پارێزراوی، کاتژمێرە ماندووەکان و نەبوونی بیمە، خودی کار دەگۆڕێت بۆ چالاکیەکی کوشندە.

 

زۆرجار ژنانی کرێکار پاڵدەنرێنە ناو کەرتە ڕێکنەخراوەکانی وەک کاری ناوماڵ، خزمەتگوزاری، پەرستاری، بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و کشتوکاڵ- ئەو بوارانەی کە کەمتر پارێزراون و زیاتر بەرەوڕووی بەکارهێنانی ڕەگەزی و چینایەتی دەبنەوە، لە بەرامبەردا پیاوان لە بواری بیناسازی، کانگا، گواستنەوە و پیشەسازی ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاو دەبنەوە، کە بە کردەوە هیچ پارێزگارییەکی یاسایییان نییە.

 

حکومەتەکان لەڕێگەی سیاسەتی تایبەتکردن و ئازادکردنی ئابووری و دەرەکییەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەدوور دەگرن، بەمەش لە لێپرسینەوە خۆیان ڕزگار دەکەن، بۆیە مردنی کرێکاران نە بەڕێکەوت نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی سیستەمێکی ناڕەوایە کە قازانجی سەرمایە لە پێشینەی ژیانی بێبەشترینەکان دادەنێت.

 

مردنی کرێکارانی ڕژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی پێکهاتەکانی بەکارهێێنان و سیستەمی سیاسی ناڕەوا و ئابووری کرێچی-نیۆلیبراڵە کە زاڵن بەسەر ناوچەکەدا، ئەم مردنانە دەتوانرێت بۆ چوار جۆر دابەش بکرێت: مردن لە شوێنی کار، مردن لە ناو تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە کار، مردن لە ئەنجامی بارودۆخی سەختی ژیان و مردن لە کاتی کۆچکردن یان بەهۆی سەرکوتکردنی حکومەت، هەریەکێک لەم پۆلانە تێکەڵبوونی توندوتیژی ئابووری لەگەڵ نادادپەروەری یاسایی و هەڵاواردنی پێکهاتەیی بەرجەستە دەکات.

 

"نەخشەی مردن لە جیهانی ناجێگیری کارکردندا"

کرێکاران لە بێدەنگیدا دەمرن، لە کاتێکدا نزیکەی تەواو نەبوونی پێوەرەکانی پارێزراوی، بیمە، خولی پەروەردە، یان ڕێککەوتن بۆ پاراستنیان، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی هاوبەشی دامەزراوەکانی دەوڵەتە لەگەڵ تەماحی سەرمایە، جا چ ناوخۆیی بێت یان فرانتەیشناڵ، لە ئاژاوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤدا، ژنان و منداڵان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پاشخانی هەژار و کەمینە نەتەوەییەکانەوە هاتوون، لە بازاڕێکی تاریکدا دەکەونە ژێر کاریگەری بەکارهێنانی سێکسی و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەوە کە لەسەر بێ یاسایی و گەندەڵی لەناو کامپە فەرمییەکان و هاوبەشی هەندێک حکومەتدا گەشە دەکات.

 

لە ژێر بارودۆخی سەختی ژیاندا، کرێکاران لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن: ئاوی پاک، چاودێری تەندروستی، خۆراکی پێویست و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، ئەمەش ژیانیان دەکاتە ڕێپێوانێکی هێواش بەرەو مردن، بەتایبەتی بۆ ژنانی کۆچبەر کە لە ماڵ و شوێنی کارەکانیاندا تووشی پشتگوێخستن و پەراوێزخستن دەبن، ئەم جۆرە مردنە لە سێبەردا، بەبێ ژاوەژاو، لەناو بێدەنگی میدیا و کۆمەڵایەتیدا ڕوودەدات، بەرپرسیارێتی ئەمەش لە ئەستۆی ئەو سیستەمەدایە کە هەڵیانبژاردووە تەندروستی گشتی دەکەنە زیانبەرکەوتوی بۆ ئابوورییەک کە لەسەر بنەمای قازانجی خێرا و بێ ئاگای دامەزراوە.

 

ئەوانەی لە شەڕ و هەژاری و گۆشەگیری هەڵدێن زۆرجار دەبنە زیانبەرکەوتووی ڕووداو، سەرما، خنکان، یان توندوتیژی پاسەوانی سنوور بەدرێژایی ڕێگاکانی کۆچی وشکانی و دەریایی، ئەم مردنانە ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دۆخە بێهیوایەی وڵاتەکانیانن، کە لەگەڵ بێدەنگییەکی سارد لەلایەن حکومەتەکانی وڵاتانی مەبەستیانەوە بەرەوڕوو بووەتەوە.

 

"کاتێک کرێکاران بەبێ نوێنەرایەتی و بێ دەنگ دەمرن"

ناجێگیری بارودۆخی کرێکاران لەناو پێکهاتە تاکڕەوەکاندا دیارە کە بەدرێژایی هێڵە نیولیبراڵییەکان خۆیان لە قاڵب داوە، لە خوارەوەی بازاڕی کاردا ئەوانەی بێ پاراستن نیشتەجێن: ژنان، کۆچبەران، منداڵان و کرێکارانی نافەرمی، ئەم تاکانە یان بە تەواوی بێبەشن لە تۆڕی پارێزراو یان تەنها بە پێکهاتەی پشتیوانی فەرمی دەورە دراون کە بێدەسەڵاتن لە کارکردن.

 

هەرچەندە کرێکارانی نافەرمی گەورەترین توێژی هێزی کاری هەرێم پێکدەهێنن، بەڵام سەندیکا و بیمە و دانپێدانانی یاسایییان نییە، بارودۆخیان بەڵگەی لەسەر نییە، مردنیشیان تۆمار نەکراوە، وەک ئەوەی لە دەرەوەی مێژوودا بوونیان هەبێت، لە بەرامبەردا کرێکارانی کۆچبەر وەک "نایاسایی" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، مافی سکاڵاکردن یان ڕێکخستنیان لێ داگیر دەکرێت و هەر هەوڵێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکردن یان زیندانیکردن.

 

لەم چوارچێوەیەدا جەستەی کرێکار دەبێتە کاڵایەکی بێدەنگ، لە سیستەمێکی توندوتیژیی دیار و نەبینراودا بەکاردەهێنرێت، مردنیان هیچ تێچووی سیستەمەکەی نییە، لە ڕاستیدا دەتوانێت قازانج بکات چونکە لێپرسینەوە ورووژێنەر نییە، ئەم مردنانە "ڕووداو" نین، بەڵکو میکانیزمێکی چەسپاون کە مانەوەی سیستەمێک مسۆگەر دەکەن کە درێغی ناکات لە زیانبەرکەوتووە سستترینەکان.

 

ژنانی کرێکار لە بزووتنەوەی کرێکاریی پیاوان بێبەش دەکرێن و پرسە تایبەتەکانیان، لە هەراسانکردنەوە تا دووگیانی و کاری بێ موچەی ناوماڵ پەراوێز دەخرێن، بەشێکی زۆریان بەبێ پاراستن کاردەکەن، بەتایبەتی لە کەرتی خزمەتگوزاری و ناوخۆدا، زیانڵێکەوتوانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی سێکسی لە دەرەوەی هەموو چوارچێوە یاساییەکانن، دەنگ و دامەزراوەیەکیان نییە بۆ بەرگریکردن لێیان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە سەرچاوەیەکی سنووردار کاردەکەن کە لە دابینکردنی پارێزگارییەکی گونجاودا کەمترن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و شوێنەکانی دیکە دامەزراندنی یەکێتییە سەربەخۆیەکان بە تاوان دادەنرێت یان دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی توند، له کاتێکدا یەکێتییە فەرمییەکان بوونەتە چەکی حکوومەت، بەتایبەتکردن و ڕێککەوتنی کاتی و کاری دیجیتاڵی، ئاسایشی کار لەناوچووە و پاراستنی کۆمەڵایەتیش دابەزیوە، دەوڵەت چیتر مسۆگەری مافەکان نییە، بەڵکو هاوبەشە لە هەڵوەشاندنەوەیان، بۆیە مردنی کرێکارێک تەنها ڕووداوێک نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی نوێنەرایەتی و خۆڕاگرییە، کوشتارێکی سیاسی-ئابوورییە کە چینی دەسەڵاتدار و سەرمایە و ئامێری سەرکوت شاراوەتەوە.

 

"بازاڕی کار بۆتە مەیدانێکی کوشتن"

بازاڕی کار لە وڵاتانی کەنداو و تورکیا شوێنێک نییە بۆ دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ کۆچبەران، بەڵکو سیستەمێکی توند کۆنترۆڵکراوە بۆ بەرهەمهێنانی "هێزێکی کاری هەرزان"، ئەم هێزی کارە لە سەرەتاوە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ناجێگیرەوە لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە دەهێنرێتە ناوەوە، بەبێ هیچ مسۆگەرییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی، ئەم سیستمە بەهەمی هاوپەیمانی نێوان دەوڵەت و سەڕمایە، مێژووەکی دوور و درێژی پەیوەندی بەکارهێندراوانە.

 

لە قەتەر و ئیمارات و سعودیە و تورکیا سەرەڕای پڕۆژەی تەلارسازی و خزمەتگوزاری بەرفراوان، خواست لەسەر هێزی کاری هەرزان لە زیادبووندایە، ئەم داواکارییە لەلایەن کۆمپانیا و بەڵێندەرە گەورەکانەوە دەجوڵێت کە لە نێوان ناجێگیری نرخی نەوت و پاشەکشەی ئابووریدا، هەوڵدەدەن تێچوونەکان کەمبکەنەوە لەڕێگەی دامەزراندنی کۆچبەران بە ڕێککەوتنی کورتخایەن، بەبێ بیمە و ئاسایشی کار، جگە لەوەش، سیستەمەکانی وەک سیستەمی مسۆگەری سستی کرێکاران گەورەتر دەکەن، دەیانگۆڕن بۆ وابەستەی تەواو، ڕێگەیان پێنادرێت کارەکانیان بگۆڕن، پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێگرییان لێدەکرێت لە تانەدان، ئەمەش فۆرمێکی ڕوونی کۆیلایەتی سەردەمییە.

 

زۆرێک لە کرێکاران لە ڕێگەی دەڵاڵ یان دەزگا تایبەتەکانەوە دەهێنرێنە ژوورەوە کە بەڵێنی موچە و شوێنی نیشتەجێبوونیان پێدەدەن، بەڵام ڕاستیەکە کرێی کەم و زیادبوونی قەرز و کاری توند و بێ پارێز ئاشکرا دەکات، زۆرجار ڕێککەوتنەکان بە شێوەی زارەکی یان ناتەواون و هەر ناڕەزایەتییەک ڕەنگە بە دەرکردن یان دیپۆرتکردنەوە بەرەوڕووی ببنەوە، ئەمەش بازاڕێکی ڕەشی ناوچەیی بۆ کاری ناجێگیر دروست دەکات، کە بەها بە هەرزانی کار دەپێورێت نەک شکۆمەندی مرۆڤ.

 

سەبارەت بە ژنانی کۆچبەر، بەتایبەتی لە کەنداو، ئەوان لە کاری ناوماڵ و خزمەتگوزاریدا قەتیس کراون لەو کەرتانەی کە هیچ چاودێرییەکی یاسایییان نییە، ئەوان بەرکەوتەی مەترسی زۆری توندوتیژی و بەکارهێنان و کاری زۆرەملێ دەبن و زۆرجار لە ڕێگەی دەڵاڵە "تایبەتییەکان"ەوە بە شێوەیەکی نایاسایی دامەزراون، بەبێ پاراستن و دەنگێک، بۆ هاوپەیمانی دەوڵەت و سەرمایە، هێزێکی کاری "هەرزان" و "بێدەنگ"ن، بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێن.

 

بەمجۆرە خێزانی ئەو کرێکارانە بە ناچاری دەچنە ژیانێکی سەختی هەمیشەیی و بێ پشتیووانی و بێ دامەزراوە و بێ مافی ماتەمینی یان داوای دادپەروەری، ئەوەی دەمێنێتەوە جەستەی ماندوو و ژنانە کە ناچارن بەرگەی توندوتیژی سیستماتیکی و بەربڵاو بگرن.

 

"سەرکوتکردنی کرێکاران و چەسپاندنی نادادپەروەری"

سیستەمی ناوچەیی کە لەسەر بنەمای هێزی کاری هەرزان دامەزراوە، بۆتە جۆرێک لە "سودی کێبڕکێ" بۆ وەبەرهێنان، مسۆگەری قازانجی زیاتر بۆ سەرمایە دەکات و لە هەمان کاتدا پێگەی کرێکارانی ناوخۆیی سست دەکات و هەموو هەوڵێک بۆ ناڕەزایەتی یان ڕێکخستن دەخنکێنێت، لە نەبوونی دامەزراوەی کاریگەر بۆ پارێزراوی پیشەیی، مافی کۆچبەران و پاراستنی کۆمەڵایەتی، تەنانەت سادەترین داواکارییەکانیش، وەک کرێی دادپەروەرانە یان ئاسایشی کار، هەڕەشەی دەرکردن، دیپۆرتکردنەوە، یان سەرکوتکردنیان لەسەرە.

 

ئەم سیستەمە نەک هەر لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ئابووری دامەزراوە، بەڵکو سوۆد لە هەڵاواردنێکی قووڵی "کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی" وەردەگرێت، کە گروپە هەرە سستەکان- ژنان، کۆچبەران و کرێکارانی نافەرمی- قورسترین بارگرانییان لەسەرە و پاڵیان پێدەنرێت بۆ بنی بناغەی کۆمەڵایەتی.

 

بەم شێوەیە بازاڕی کار لە کەنداو و تورکیا و وڵاتانی مەبەست بووەتە زنجیرەیەکی بەیەکەوە گرێدراوی بەکارهێنان و نادادپەروەری، کە لەلایەن کۆمپانیاکان و دەڵاڵەکان و پێکهاتە سیاسییە نایەکسانەکانەوە لە قاڵب دراوە، هێزی کاری هەرزان و ناجێگیر سەرمایەی ڕاستەقینەی ئەم سیستەمەن، جەستەی مرۆڤ و کات وەک سەرچاوەی بەکارهێنراو لە قاڵب دەدرێتەوە، لە کاتێکدا یاسا و دامەزراوەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی سەرمایە لە قاڵب دەدرێنەوە.

 

لەم چوارچێوەیەدا مردن و برینداربوون و ئاوارەبوون و نائاسایشی کار دەبنە باجێکی دڵنیا کە ملیۆنان کۆچبەر و بەتایبەت ژنان دەیدەن بۆ بەردەوامیی ئەم ئابوورییە، ئەمانە ڕووداوی بەڕێکەوت نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پێکهاتەیەکی هەمەلایەنەی توندوتیژی ئابووری و سیاسین.

 

"مردن بێ ناو، بێ بەڵگەنامە، بێ ماف"

لە سەردەمی دەسەڵاتە نیولیبراڵ و پاوانخوازەکانی حوکمڕانی، مردنی کرێکارانی بێ بیمە تەنها ڕووداو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی دڵنیای سیاسەتی تایبەتی سیستماتیکییە، بیمە کە بڕیارە مافێکی بنەڕەتی بێت، بووەتە تایبەتیەکی نوخبەگەرایی، کە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو دەدرێت و لە گروپە هەرە سستەکان دەگیرێت، کە کرێکارانی کۆچبەر، ژنان و ئەوانەی لە ئابووریی نافەرمیدا کاردەکەن.

 

لە بازاڕە ناجێگیرەکانی کاردا، لە دامەزراندنی فەرمی لە کەنداو تا دەگاتە کرێکاری کۆچبەری ناڕێک لە تورکیا، نەبوونی بیمە بەرهەمی تاڵی سێ لایەنێکی کوشندەیە، بێبایەخکردنی بە ئەنقەست لە یاسا، یەکەمایەتی دانانی قازانج بەسەر ژیان و نکۆڵی مرۆڤایەتی گروپە سستەکان، زۆرێک لە کەرتە کاتیەکان یان نافەرمیەکان لە ڕێگەی ناوەندەکانەوە کاردەکەن کە بەبێ ڕێککەوتن یان چاودێری کاردەکەن، لە کاتێکدا کرێکارانی ژن، بە تایبەتی لە کاری ناوماڵ و سێکسیدا، لە هەموو سیستەمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی دوورخراونەتەوە.

 

نەبوونی بیمە تەنها چاودێرییەکی کارگێڕی نییە، میکانیزمێکە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کار، خزمەتکردنی بەرژەوەندی بەڵێندەران و کۆمپانیاکان و دەوڵەت، لەم چوارچێوەیەدا کرێکارەکە لە "سەرچاوەیەکی بەکارهێنراو"دا کورت دەکرێتەوە و لە ئەگەری مردنیشدا هیچ قەرەبووکردنەوەیەک نییە و هیچ پەنایەکی یاسایی نییە و تەنانەت ڕەنگە مردنەکەیان تۆمار نەکرێت، بەم شێوەیە جەستە بە بێدەنگی دەسڕدرێتەوە، لە دەرەوەی تۆمارەکان و کایەی مافەکان.

 

زۆرجار کەسوکاری زیانلێکەوتووەکان بە بێبەشی دەمێننەوە، توانای گواستنەوە یان ناشتنی تەرمەکەیان نییە و تەنانەت هەندێکجاریش لە کاتی خۆیدا لە مردنی کەسە ئازیزەکەیان ئاگادار ناکرێنەوە، نەبوونی بیمە نەک هەر بە واتای نەبوونی پاڵپشتی دارایی، بەڵکو ڕەتکردنەوەی "مافی ماتەمینی"شە، بەو پێیەی ئەم مردنانە لە تاریکیدا نێژراون، بەبێ دانپێدانان، بەبێ لێپرسینەوە.

مردنی کرێکارانی بێ بیمە، پێکهاتەی دانەپۆشراوی دەسەڵاتی نایەکسان و ئابوورییەکی بێبەزەییانە ئاشکرا دەکات، ئەم مردنانە ڕووداوی گۆشەگیر نین بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی تەواوی سیستەمێکی سیاسەتە، وەدەرنانی بیمە بەڕێکەوت نییە بەڵکو ئامرازێکە لە سیستەمێکی دیسیپلینی سەرمایەداریدا کە ژیان و مردن دووبارە لە قاڵب دەداتەوە بۆ خزمەتکردنی کۆکروەی سەرمایە.

 

لە خاڵی نەبوونی مافی بیمەدا، دەوڵەت و بازاڕ و سەرمایە لە هاوپەیمانییەکی ئاشکرادا کۆدەبنەوە، کە تێیدا ژیانی کەسانی سست بۆ کەمترین بەها کورت دەکرێتەوە و تەنانەت دوای مردنیش شکۆمەندیشیان لێ دەسەندرێتەوە، لە کۆتاییدا کرێکار کورت دەکرێتەوە بۆ جەستەیەک کە کاڵ دەبێتەوە بۆ بێدەنگی، بێ ناو، بێ شوێنەواری، بێ ماف.

 

لە مردنی بێدەنگەوە بۆ ماف بۆ ژیانی بەکۆمەڵ

هیچ دەستپێشخەرییەکی یاسایی یان مەدەنی بە ئامانجی کەمکردنەوە یان کەمکردنەوەی مردنی کرێکاران ناتوانرێت بە چاکسازییە تەکنیکییە ڕووکەشەکان ڕازی بکرێت، ئەوەی پێویستە تەنها چەسپاندنی یاسا کەموکوڕییەکان نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە نایەکسانانەیە کە ئەم توندوتیژییە ڕۆژانەیە بەرهەمدەهێنن، بونیادنانی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە کە مافی بنەڕەتی ژیانی بۆ چینی کرێکار دەگەڕێنێتەوە.

 

یەکەم هەنگاو شکاندنی دیواری بێدەنگییە، کرێکارانی کۆچبەر، ژنان و کرێکارانی وەرزی دەبێ وەک ئەکتەری کۆمەڵایەتی خاوەن مافێکی ڕوون بناسرێن نەک وەک "دەرەوەی ئابووری"، ئەمەش پێویستی بە یاسای گشتگیر هەیە کە کرێکارانی نافەرمی بپارێزێت و خاوەنکارەکان پابەند بکات بە دابینکردنی بیمە و چاودێری کاریگەر.

 

هەنگاوی دووەم بریتییە لە بونیادنانی میکانیزمی چاودێری ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە وڵاتانی وەرگری کار، لە تورکیاوە تا کەنداو و عێراق، لێپرسینەوە لە پێوەرە توندەکانی پارێزراوی و بیمە دەکەن، لە ژێر فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کاردا، ئەمەش دامەزراندنی نووسینگەی پاراستنی مافی کرێکاران لە چوارچێوەی باڵیۆزخانەکاندا دەگرێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە لە زۆرترین کەرتە سستەکاندا کاردەکەن، وەک خزمەتگوزاری ناوماڵ.

 

هەنگاوی سێیەم پاڵپشتی سەندیکا سەربەخۆکان و تۆڕە مەدەنییەکانە، بەو پێیەی خۆڕێکخستنەوەی کرێکاران تاکە مسۆگەری ڕاستەقینەیە، ئەم لایەنانە دەتوانن فشاری سیاسی، میدیایی و یاسایی دروست بکەن بۆ ئاشکراکردنی مردنە سیستماتیکییەکان و بەهێزکردنی تۆڕەکانی هاودەنگی، بەتایبەتی لە ژینگە مەترسیدارەکان و لە نێوان کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان.

 

هەنگاوی چوارەم بریتییە لە دامەزراندنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی گشتی و بیمەی ناوچەیی لە ڕێگەی سندوقێکی هاوبەشەوە کە لەلایەن حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دارایی دەکرێت، ئەم سندوقە مافی خێزانی زیانڵێکەوتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوە مسۆگەر دەکات، بەبێ گوێدانە دۆخی نیشتەجێبوونیان یان سروشتی کارەکانیان.

 

لە کۆتاییدا مردنی کرێکاران تەنها کارەساتی تاکەکەسی نییە، ئەوان یەکگرتنێکی ئاشکرای توندوتیژی سیستماتیکی و نادادپەروەری یاسایی ئاشکرا دەکەن، چارەسەر لە باشترکردنی یاساکانی هەنووکەدا نییە، بەڵکو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەیان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەی ژیانی کرێکاران بخەنە ناو دڵی سیستەمی یاساییەوە و مردنەکانیان بگەڕێننەوە ناو هۆشیاری گشتی، ئەوەی پێویستمانە چاکسازی تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسەتێکە کە بەهای ژیان بەرز بکاتەوە و ئەو بێدەنگییەی دەوروبەری ئیدانە بکات.